رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مەهەپە دەڵیت، "چارەنووسی کورد و تورک یەکە و ئێشی کوردانی حەلەب ئێشی ئێمەیە".
دەوڵەت باخچەلی باس لەوە دەکات، "دەبێت یەپەگەش وەک پەکەکە چەکەکانی دابنێت و بۆ ئێمە بابەتی سەرەکی، بانگەوازەکەی ئیمراڵییە".
دەوڵەت باخچەلی دەڵێت، "یەکپارچەیی خاکی سووریا دەبێت بپارێزرێت، چی دەبێت با ببێت".
سەرۆکی مەهەپە ئاماژە بەوەش دەدات، "مەزڵووم عەبدی رێز لە بڕیاری رێبەری دامەزرێنەری پەکەکە ناگرێت و "دانوستاندنکاری تورکیا رێبەری دامەزرێنەری پەکەکەیە".
لە لایەکی دیکە، سەرۆکی مەهەپە بە تووندی هێرش دەکاتە سەر فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بە "بووکەڵەی ئیسرائیل" ناوی دەبات. باخچەلی دەڵێت، پەکەکە هەڵوەشاوەتەوە و چەکی داناوە، بۆیە دەبێت چارەنووسی هەسەدەش بەو شێوەیە بێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 13-01-2026، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، قسەی لەسەر دۆخی حەلەب و داهاتووی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد.
باخچەلی بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەپێی "بانگەوازەکەی 27ـی شوبات" لە ئیمراڵییەوە، بوونی رێکخراوەیی پەکەکە کۆتایی هاتووە، بۆیە دەبێت هەسەدەش هەمان رێگە بگرێتەبەر. هاوکات مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەی بە "بێوەفایی" بەرامبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە تۆمەتبار کرد.
دەوڵەت باخچەلی گوتی "پێکدادانەکان کە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەبیان گرتەوە، لە هەموو روویەکەوە جێگەی تێڕامانێکی زۆرن. هەسەدە-یەپەگە هەڵە لەدوای هەڵەیان کردووە. ترەمپیش ئەوانی فرۆشت. سوودی هەیە دووبارە جەخت لەسەر ئەم راستییە بکەینەوە؛ بوونی رێکخراوەیی پەکەکە هەڵوەشێنراوەتەوە و چەک دانراوە. دەبێت چارەنووسی یەپەگەش کە درێژکراوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەیە، هەمان شت بێت. بۆ ئێمە، تەنیا شتێک کە بایەخی هەیە، بانگەوازەکەی 27ـی شوباتی ئیمراڵییە."
سەرۆکی مەهەپە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "راستییە دیارەکە بەم شێوەیەیە؛ بە تایبەتی ئەو تیرۆریستەی ناوی مەزڵووم عەبدییە لایەنگری زایۆنیزمە، بووکەڵەی ئیسرائیلە و لە بەرامبەر سەرکردایەتی دامەزرێنەری پەکەکە بێڕێز و بێوەفایە."
سەبارەت بە هەڵوێستی پارتە کوردییەکان لە ناوخۆی تورکیا، باخچەلی رووی دەمی کردە دەم پارتی و گوتی: "خوێنی کورد لەسەر تورک و خوێنی تورکیش لەسەر کورد حەرامە؛ هیچ کەسێک، بەتایبەتی دەم پارتی، ناتوانێت بڵێت خوێنی برا کوردەکانمان دەڕژێت. زمانی دەم پارتی زمانێکی دڵتەزێن و کێشەدارە."
قسەکانی باخچەلی لەکاتێکدایە، رۆژی شەشی ئەم مانگە هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) دوای پێنج رۆژ لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاسایشی خۆسەر، هەردوو گەڕەکەکەیان کۆنتڕۆك کرد.
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) هۆشداریداوە کە ئامانجی ئەو هێرشانە "لەنێوبردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە" و تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە راستەوخۆ لەنێو پلانەکەدایە.
لەلایەکی دیکەوە عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی دوێنێ رایگەیاندبوو، ئەگەر "قەندیل دەستوەردان بکات"، هێرشەکان فراوانتر دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ