رووداو دیجیتاڵ
پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) لە یەکەمین ساڵیادی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"، رایدەگەیێنێت بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی چارەسەری و پرسی چەکدانانی پەکەکە ببێتە "کۆمەڵایەتی"، پێویستە دەوڵەتی تورکیا دەستبەجێ چاکسازیی دیموکراتییانە بکات و هەنگاوی بەرچاو بنێت.
رۆژی هەینی، 27-02-2025، لە یەکەمین ساڵیادی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەی دەبەپەدا هاتووە، سەرەڕای هەنگاوەکانی لایەنی کوردی، بەڵام "بەداخەوە تاوەکو ئێستا لەلایەن دەسەڵات و دەوڵەتەوە هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە کە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی دیموکراتییانە."
دەبەپە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو راپۆرتەی لەلایەن "کۆمیسیۆنی یەکڕێزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی"ـی تورکیاوە بڵاوکرایەوە، لە رووی ناوەڕۆک و روانگەی چارەسەرییەوە "دوور بوو" لە چاوەڕوانییەکان.
پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاشتی نابێت وەک "تاکتیکێکی سیاسی" بۆ دەستکەوتی کاتی سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێت وەک "بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی" قبووڵ بکرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دەسەڵات و دەوڵەت لە گوتاردا جەخت لە ئاشتی و چارەسەری دەکەنەوە، بەڵام لە رووی یاسایی، سیاسی و دەستوورییەوە هیچ کارێکی ئەرێنی ناکەن. ئاشتی لەسەر بنەمایەکی یەکسان، ئازاد و دیموکراتییانە بەدی دێت."
دەبەپە بۆ نیشاندانی نیازپاکی و سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی، چەند داواکارییەک ئاراستەی ئەنقەرە دەکات، لەوانە: نەهێشتنی ئاستەنگە سیاسی و یاساییەکان، کردنەوەی رێگە لەبەردەم سیاسەتی دیموکراتییانە، بەهێزکردنی ئیدارە خۆجێیەکان و جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییانەی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەردەوام دەکەن.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، دەبەپە بانگی لە دەوڵەت و دەسەڵاتی تورکیا کردووە، کۆتایی بەو مەودایە بهێنن کە لەنێوان "گوتار و کرداریاندا" هەیە و بەرامبەر بە ئیرادەی چارەسەریی ئۆجەلان، هەنگاوی ئەرێنی و کردەیی بنێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ