حکومەتی تورکیا: گۆشتی کەر کراوەتە کولێرە بەگۆشت

13-02-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا هۆشداریی داوەتە هاووڵاتیانی بەوەی ژمارەیەک لە خواردنگە و کارگە خۆراکییەکان، گۆشتی کەریان بۆ کولێرە بە گۆشت بەکارهێناوە.

وەزارەتەکە بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 13-2-2025 دەستی بە هەڵمەتێکی فراوانی پشکنین لە مارکێت، گۆشفرۆش و کوشتارگەکان کرد.
 
نوورەدین سڕما، پسپۆری خۆراک بە میدیای تورکیای راگەیاند، "ئەگەر ئەو گۆشتەی دەفرۆشرێت و لە خواردنگەکاندا بەکاردێت، پشکنین و بەدواداچوونی تەواوی بۆ نەکرێت، مەترسیدارە و کێشە بۆ خەڵک دروست دەکات".
 
ئەو بابەتە خەڵکی تورکیای هێناوەتە دەنگ و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رەخنەی زۆر لەو کەسانە دەگیرێت کە ئەو کارەیان کردووە، هاوکات داوا لە حکومەت دەکرێت ئەو کەسانە سزا بدات.
 
ئەوەی پسپۆران لەمبارەیەوە باسی لێوە دەکەن، ژمارەیەک نەخۆشییە کە لەڕێی ئەو جۆرە گۆشتانەوە بڵاودەبێتەوە. لە هەمووشیان گرنگتر نەخۆشیی نیماتۆدا (کرمی ئەڵقەیی)ــە.
 
پێشتر چی روویدابوو؟
 
رۆژی 23-12-2024 وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا بڵاویکردەوە، لە پارێزگاکانی ئەدەنە، ئەنتاڵیا و مێرسین زۆرترین گۆشتی کەر و ئەسپ لەبری گۆشتی مەڕ و مانگا بە خەڵک دراوە. 
 
دواتر حکومەتی تورکیا چەند شوێنێکی داخستن و سزای مادی دان.
 
نەخۆشیی نیماتۆدا چییە؟
 
کرمی ئەڵقەیی یاخود نیماتۆدا، یەکێکە لە کرمە مشەخۆرەکان کە تووشی ریخۆڵەی مرۆڤ دەبێت و چەندین کێشەی تەندروستی لە جەستەدا دروست دەکات.
 
توێژەران پێیانوایە 500 هەزار جۆری هەیە و تەنیا 60 جۆریان دەبنە هۆی دروستبوونی نەخۆشی لە مرۆڤ و ئاژەڵدا. چونکە ئەو جۆرانە دەتوانن لە رێگەی دەم یاخود بەرکەوتنی راستەوخۆ بە پیسایی و خۆڵی پیسبوو بەم مشەخۆرە بچنە جەستەی مرۆڤەوە. 
 
نیماتۆدا دەتوانێت بۆماوەیەکی زۆر لە ریخۆڵەدا بمێنێتەوە. ئەم کرمانە لە درێژیدا جیاوازن هەیانە چەند میلیمێکن و هەشیانە لە دوو مەتر درێژتر.
 
ئەو مشەخۆرە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. زیاتریش منداڵان تووشی ئەم کرمە دەبن، چونکە منداڵان زیاتر دەستی پیس لە دەمیان دەدەن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە