تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند

13-02-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای تورکیا کوژرانی سەربازێکی وڵاتەکەی لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی شوباتی 2025، وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی ئێکس کوژرانی سەربازێکی بەناوی عوسمان ئۆکتای لە سنووری ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە ناوچەی زاپ راگەیاند.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا راشیگەیاند، سەربازەکەیان لە پێکدادانێکی رووبەڕوودا لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەی زاپ کوژرا.
 
رۆژی 5ـی ئەم مانگەش ئەفسەرێکی سوپای تورکیا بە پلەی رائید لە کاتی کێوماڵکردنی مین و بۆمبەکانی پەکەکە، بە هەڵە بۆمبێک تەقییەوە و بەهۆیەوە بەسەختی بریندار بوو، لە نەخۆشخانەی سەربازیی لە ئەنقەرە گیانی لەدەستدا.  
 
رۆژی 8ـی مانگ، ناوەندی راگەیاندن و چاپه‌مه‌نیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کوژرانی دوو سەرباز و برینداربوونی سەربازێکی دیکەی سوپای تورکیای لە ئەنجامی هێرشیکیان بۆ سەر رەبایەیەکی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی زاپ راگەیاند. باس لەوەشکرا لە هەفتەیەکدا سوپای تورکیا 28 جار بە فڕۆکەی جەنگی، 6 جار بە هێلیکۆپتەر و 34 جاریش بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی پەکەکە.
 
هەپەگە هەروەها ناسنامەی سێ گەریلای پەکەکەی بڵاوکردەوە کە لە رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیدا لە ناوچەی مەتین لە خاکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ - قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد. هەرچەندە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێن قوفڵەکە داخراوە و ئۆپەراسیۆنەکان راگیراوە، بەڵام رۆژانە بۆردوومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنەکان، بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە