رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، تاوەکو لەنێوبردنی "رێکخراوە تیرۆریستییەکان"، هێزەکانیان لە سووریا دەمێننەوە، بەڵام رەنگە گۆڕانکاری لە پێگەکان و ئەرکەکانیان بکرێت؛ بەمنزیکانەش پاشکۆی سەربازیی رەوانەی دیمەشق دەکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی شوباتی 2025، لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی وەزارەتەکەی رێکخست، دواتر بە نووسراو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
لیوا زەکی ئاکتورک، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێک سەبارەت بە رادەستکردنی دەسەڵاتی ئەمنیی عەفرین لە سوپای سووریای ئازاد و پێدانی بە ئاسایشی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا و چارەنووسی هێزە جێگیرەکانی سوپای تورکیا لە سووریا رایگەیاند، کاری لە پێشینەی تورکیا لە سووریا "لەنێوبردنی رێکخراوە تیرۆریستەکانە".
لە وەڵامەکەیدا هاتووە: "زۆر گرنگە ئیدارەی نوێی سووریا دەسەڵاتی تەواو لە سەرجەم ناوچەکانی سووریا بگرێتە دەست و کۆنترۆڵی سەروەرییەکانی بکات. تورکیا لەم بارەیەوە بەردەوام پشتیوانی تەواوی برایانمان لە سووریا دەکەین. کاری لەپێشینەمان لە سووریا، لەنێوبردنی تەواوی رێکخراوە تیرۆریستییەکانە. بۆ ئەم مەبەستەش تورکیا لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا لەم بابەتەدا بەتەواوی کۆکن".
لەبارەی هێزەکانی تورکیا لە سووریا، ئەم بەرپرسەی وەزارەتی بەرگری رایگەیاند، "لەپێناو پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان و پاککردنەوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی، هێزەکانی سوپای تورکیا لە سووریا دەمێنێتەوە. هەڵسەنگاندنی بەردەوام دەکەین بۆ ئەگەری هەر جۆرە هەڕەشەیەکی نوێ و ئاڵنگارییەک دوای گۆڕانکارییە نوێیەکانی سووریا. ئەگەر پێویست بکات، هێزەکانمان رۆڵی دیکە دەگرنەبەر و پێگەکانیان دەگۆڕن".
جەختی لە دیپلۆماسییەتی سەربازیش کرد و رایگەیاند، "کارەکانمان بۆ دامەزراندنی پاشکۆی سەربازیی لە سووریا بەردەوامە. بەم نزیکانە پاشکۆی سەربازیی دەستنیشان دەکەین و بۆ ئەرکدارکردنی رەوانەی سووریای دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ