رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆنفیدراسیۆنی یەکگرتووی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، له تورکیا و باکووری کوردستان، هێڵی برسێتی بۆ خێزانێكی چوار کەسی 700 دۆلاری تێپەڕاندووە و هێڵی هەژاریش گەیشتووەتە زیاتر لە 2350 دۆلار.
ناوەندەکە رۆژی پێنجشەممە 12ـی شوباتی 2026، داتاکانی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵی لەبارەی برسیێتی و هەژاری بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە مانگی کانوونی دووەمدا هێڵی برسێتی گەیشتە 31 هەزار و 296 لیرە (715 دۆلار و 50 سەنت) و هێڵی هەژاریش گەیشتە 102 هەزار و 812 لیرە (دوو هەزار و 350 دۆلار و 53 سەنت).
هێڵی برسێتی، بریتییە لەو خەرجییە خۆراکییە مانگانەیەی پێویستە خێزانێکی چوار کەسی بۆ خۆراکی تەندروست و هاوسەنگ بیکات، هەروەها هێڵی هەژاریش خەرجییە ناچارییەکانی وەکو خوێندن، تەندروستی، نیشتەجێبوون، گواستنەوە و گەرمکردنەوە و خەرجییەکانی دیکە دەگرێتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، تێچووی رۆژانەی خۆراکی تەندروست بۆ بودجەی خێزان هەزار و 43 لیرە و 20 قوروشە (98 دۆلار و 31 سەنت). لەنێو خەرجییەکاندا، شیر و بەرهەمەکانی شیر بە 326 لیرە (7 دۆلار و 45 سەنت) زۆرترین تێچوویان هەبووە. دوای ئەوە میوە و سەوزە بە 294 لیرە ( 6 دۆلار و 72 سەنت) دێت، لە کاتێکدا کەمترین بڕی خەرجیی رۆژانە بۆ گۆشت، مریشک و ماسی 186 لیرە (4 دۆلار و 62 سەنت) بووە. بڕی رۆژانەی تەرخانکراو بۆ نان بە 66 لیرە (1 دۆلار و 51 سەنت) و بۆ رۆن و زەیت بە 54 لیرە (1 دۆلار و 23 سەنت) هەژمار کراوە.
بەگوێرەی داتاکانی کانوونی دووەمی 2026، تێچووی مانگانەی خۆراکی تەندروست بۆ گەنجێکی تەمەن 15-18 ساڵ بە 8 هەزار و 725 لیرە (199 دۆلار و 47 سەنت)، زۆرترین خەرجیی ماڵەکەی پێکدەهێنێت. خەرجیی خۆراکی پیاوێکی پێگەیشتوو 8 هەزار و 470 لیرە (193 دۆلار و 64 سەنت)، ژنێکی پێگەیشتوو 8 هەزار و 216 لیرە (187 دۆلار و 84 سەنت) و تێچووی خۆراکی منداڵێکی تەمەن 4-6 ساڵ بە 5 هەزار و 885 لیرە (134 دۆلار و 55 سەنت) دیاری کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە کەمترین بڕە مووچە لە ساڵی 2025 ـدا بە 22 هەزار و 104 لیرە دەستنیشانکراوە کە دەکاتە (505 دۆلار دۆلار و 35 سەنت).
له تورکیا و باکووری کوردستان نزیکهی 30٪ ـی خهڵک به کەمترین بڕەمووچه کار دهکهن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ