نەتەوە یەکگرتووەکان: پەیوەندیمان بە رادەستکردنی چەکەکانی پەکەکەوە نییە

13-05-2025
تەنیا ئەحمەد
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (لای چەپ) و سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداوی لە نیویۆرک.
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (لای چەپ) و سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداوی لە نیویۆرک.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رێکخراوەکە پێشوازی لە بڕیارەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات، بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و وازهێنان لە خەباتی چەکداری، بەڵام پەیوەندییان بە بڕیارەکەوە نییە.
 
رۆژی دووشەممە 12-05-2025 ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداوی لە نیویۆرک گوت، نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات سەبارەت بە وازهێنان لە خەباتی، هەروەها هیواخوازە ئەمە ببێتە دەستپێکی چارەسەرکردنی کێشە کۆنەکانی پەیوەست بە ململانێکەوە.
 
سەبارەت بە رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پشتگیریکردنی پرۆسەیەکی ئاشتی گشتگیردا، گوتەبێژی سکرتێری گشتی، جەختی لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و هاوئاوازی لەنێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کردەوە. ئەو گوتی: "پێویستە دڵنیابین لەوەی کە پشتگیری لە پرۆسەیەکی ئاشتییانە دەکەین، لەوەی کە مافی هەموو کەسێک لە هەموو شوێنێکی جیهاندا مسۆگەر کراوە کە لە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا ئاماژەی پێکراوە."
 
لەبارەی گەرەنتیی نێودەوڵەتی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی چەکدانان، دووجاریک گوتی،"کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە هەموو شتێک بکات بۆ یاوەریکردنی لایەنەکان، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ناگەڕێینەوە دواوە."
 
دووجاریک ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن نەتەوە یەکگرتووەکان کار لەسەر رادەستکردنی چەکەکانی پەکەکە دەکات و گوتی: "بەپێی زانیارییەکانی من، ئەوە راست نییە. ئەوە شتێک نییە کە ئێمە کاری لەسەر بکەین."
 
لەبارەی تێڕوانینی ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتی بۆ پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دووجاریک ئاشکرای کرد کە گوتێرێز بەهۆی پۆستی پێشووی وەک کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ، ئاشنایەتییەکی تەواوی لەگەڵ پرسەکەدا هەیە و سەردانی کوردستانی عێراقیشی کردووە؛ گوتیشی: "پرسێکە کە لە دڵیەوە نزیکە، ئەوەی دەیەوێت بیبینێت ئەوەیە کە خەڵکی بە ئاشتی بژین. ئەویش دەیەوێت کۆتایی ململانێکان ببینێت."
 
گوتەبێژی سکرتێری گشتی پشتڕاستی کردەوە کە ئەنتۆنیۆ گوتێرێز سەردانی عێراق دەکات بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی، بەڵام هیچ پلانێکی نییە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە