هاونیشتمانییەک: زیاتر لە 150 کەس لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ گیرمانخواردووە

13-06-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەی ئەو هاونیشتمانییانەی لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ بەهۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانەوە گیریانخواردووە گەیشتە زیاتر 150 کەس و داوای هاوکاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن. بەرپرسێکی پەیوەندیداریش دەڵێت، هەوڵیان بۆ دەدەن.
 
مستەفا عەبدولستار، یەکێک لەو هاونیشتمانییانە و ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی. رووداوی گوت: "بەیانی نزیکەی 100 کەس بووین، دواتر فڕۆکەیەکی دیکە تاوەکو ئاسمانی هەولێریش چوو، رێگەی نیشتنەوەی نەدرا و گەڕایەوە ئیستەنبووڵ؛ ئێستا زیاتر لە 150 کەسین".
 
زۆرینەی ئەو هاونیشتمانییانە بە ترانزێت چوونەتە تورکیا، واتە ڤیزەی چوونە نێو تورکیایان نییە و ناچارن یان بگەڕێنەوە ئەو وڵاتەی گەشتیان لێوە کردووە یان لە تورکیا چاوەڕێی گەشتی ئاسمانی بن.
 
مستەفا عەبدولستار گوتی: "من لە تونسەوە چوومەتە تورکیا، خەڵک هەیە لە مالیزیاوە هاتووە، چەندین وڵاتی دیکەی تێدایە و هەموو لێرە گیرمانخواردووە".
 
هەر ئەمڕۆ بڕوا شەماڵ، یەکێکی دیکە لەو هاونیشتمانییانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چونکە ڤیزەی چوونە ژوورەوەی تورکیایان نییە، ناتوانن بە رێگەی وشکایی بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
 
بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگیراون.
 
ئەو هاونیشتمانییانە ژن و منداڵیشیان لەنێودایە. بڕوا شەماڵ گوتی: "بەرپرسانی فڕۆکەخانە دەڵێن، لانیکەم تاوەکو سێ رۆژی دیکەش ناتوانن گەشتی گەڕانەوە رێکبخەن. داوا دەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکارێکمان بۆ بدۆزێتەوە کە بتوانین لە رێگەی وشکانییەوە بگەڕێینەوە".
 
رووداو داوای ئەو هاونیشتمانییانەی گەیاندە لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەرپرسێکی باڵای پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "هەوڵیان بۆ دەدەین و چی بکرێت بۆیان دەکەین".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو