رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئەندامێتی سوێد لە ناتۆ رایگەیاند، "پەرلەمانمان بەدواداچوون بۆ ئەو هەنگاوانە دەکات کە دەگیرێنەبەر و بەپێی بەرژەوەندییەکانمان بڕیاری دروست دەدات".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13-7-2023 لە کاتی گەڕانەوەیدا لە لیتوانیاوە بۆ تورکیا لەنێو فڕۆکەدا بۆ رۆژنامەڤانانی وڵاتەکەی قسەی کرد و تیشکی خستە سەر هەندێک پرس.
لەبارەی ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ و ئەگەری ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەردۆغان گوتی، "بۆچوونێکی ئەرێنی هەیە بۆ زیندووکردنەوەی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا لە ئەنجامی ئەو کارە ئەرێنییانەی لە یەکێتیی ئەوروپا دەیانبینین. ئێمەش دەست بە کارکردن دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی داومانن. دانوستاندنەکانی تایبەت بە نوێکردنەوەی یەکێتیی گومرکەکان خێراتر دەکەین. دەمانەوێت لە نزیکترین کاتدا ئەنجامە کردارییەکانی دانوستاندنەکان ببینین کە لەسەر بنەمای براوە-براوە بەڕێوەدەچن".
لەبارەی فرۆشتنی فڕۆکەی "F-16" لەلایەن ئەمریکاوە بە تورکیا، ئەردۆغان گوتی، "جۆ بایدن و حکومەتەکەی لەبارەی فرۆشتنی F-16 هەڵوێستی ئەرێنیمان نیشان دەدەن. وەزیرەکانمان لەگەڵ هاوتاکانیان کۆدەبنەوە و پشت بە خودا قۆناخەکە بە سوودی ئێمە دەبێت".
لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئیمارات، سعودیە و قەتەر کە چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجامی بدات، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، حکومەتەکانی ئەو وڵاتانە ئامادەییان دەربڕیوە بۆ وەبەرهێنان لە تورکیادا و پلانی هەیە بە سەردانەکەی بە وردی لەسەر ئەو بابەتە بووەستێت.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "هەوڵ دەدەین وەربەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بۆ وڵاتەکەمان رابکێشین. هەڵاوسان بۆ ژمارەی تاک خانەیی دادەبەزێنین".
ئەو گوتەیەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، رۆژی 10ی ئەم مانگە یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا رازی بووە پرسی بەئەندامبوونی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ بباتە پەرلەمانی وڵاتەکەی. ئەردۆغان هەمان رۆژ پێش بەڕێکەوتنی بۆ لیتوانیا بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ رایگەیاند، رێگە دەدەن سوێد ببێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام دەبێت ئەوروپییەکانیش رازی بن تورکیا ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ