رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دەڵێت، دەبێت لە چەند مانگێکدا پەکەکە بە ''هەموو باڵ و درێژکراوەکانی'' چەک دابنێت؛ هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ''بەرز'' دەنرخێنێت.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی رۆژی یەکشەممە، 13ی تەممووزی 2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رێوڕەسمی چەکدانانی 30 گەریلاکەی پەکەکەی، کە هەینی بەڕێوەچوو، بە ''گرنگ'' ناوبرد رایشیگەیاند، لە سایەی ئەو سەربازانەی وڵاتەکەی کە لە شەڕی چەند دەیەیەی گەریلاکاندا گیانیان لەدەستداوە، بەو قۆناخەی ئێستای پرۆسەی چارەسەری گەیشتوون.
گوتەبێژی ئاکپارتی گوتیشی، ''پشتیوان بە خودا لە چەند مانگێکدا'' پەکەکە بە ''هەموو باڵ و درێژکراوەکانیەوە'' چەکەکانی دادەنێت.
گوتەبێژی ئاکپارتی باسی لەوە کرد، هەندێک وڵات بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانیان پەنایان بۆ وڵاتێکی دیکە بردووە، بەڵام تورکیا رێگە نادات وڵاتێکی دیکە بێتە نێو پرۆسەکە؛ گوتیشی: ''پرۆسەکە راستەوخۆ لە رێگەی 'میکانیزمی دڵنیابوونەوە' کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی و سوپاکەمان دانراوە، بەڕێوەدەچێت''.
بە گوتەی عومەر چەلیک، ئامانج لە 'میکانیزمی دڵنیابوونەوە'، ''چاودێریکردنی چۆنییەتی دانانی چەک و ژمارەی چەکەکان''ی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە.
گوتەبێژی ئاکپارتی سوپاسی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی کرد بۆ ئەو هەوڵانەی لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەریدا داویانە و پاڵپشتییەکانیانی ''بەرز'' نرخاندن.
ئەو قسانەی چەلیک دوای ئەوە هات، هەینیی رابردوو لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، 30 گەریلای پەکەکە چەکەکانیان دانا، کە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە، یەکێک بوو لەوان.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ