رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە سەرۆکی ئۆکراینای راگەیاند، ''تورکیا لە پشتیوانیکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا بەردەوام دەبێ.''
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لەسەر داوای لایەنی ئۆکراینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن پەیوەندی بە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کردووە و پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان وڵاتەکانیان و پرسە ناوچەیی و هەرێمییەکانیان تاوتوێ کردوون.
وەک سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئاماژەی پێکردووە، ئەردۆغان دانوستاندنەکانی پێشووی ئۆکراینا و رووسیا کە لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوون، بە گرنگ ناوبرد و هیوای خواستووە، ''لە گەڕەکانی داهاتوودا ئەنجامی گرنگ سەبارەت بە ئاگربەست بەدەست بهێنرێت.''
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە سەرۆکی ئۆکراینای گوتووە، ''تورکیا لە پشتیوانیکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا بەردەوام دەبێت.''
15و 16ی ئایاری 2025، گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی ئاشتیی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو و لەسەر گۆڕینەوەی 1000 دیلی جەنگ رێککەوتن؛ هەردوولا تاوتوێی ئەگەری ئاگربەست و کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان سەرۆکەکانی هەردوولایشیان کرد.
هەروەها رۆژی دووشەممە، 2ی حوەزەیرانی 2025، گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی ئاشتیی ئیستەنبووڵ لەنێوان رووسیا - ئۆکراینا ئەنجامدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ