رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی تورکیا بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لە سەرۆک و ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی جەهەپە و ئیی پارتی، دۆسیەی تاوانی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی تورکیا کە رۆژی هەینی 12ـی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوکرایەوە، پێنج دۆسیەی تاوان لە دژی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە؛ عەلی ماهیر بەشاریر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆن؛ جەمال ئەنگین یورت، پەرلەمانتاری بازنەی ئیستەنبووڵ؛ ئەحمەد باران یازگان، پەرلەمانتاری بازنەی ئەدیرنە و دەنیز یاڤووز یڵماز، پەرلەمانتاری بازنەی زۆنگوڵداگ-ی جەهەپە. لەگەڵ دوو دۆسیەی تاوان لە دژی محەممەد مستەفا گوربان، پەرلەمانتاری بازنەی دیلۆک و مەتین ئەرگون، پەرلەمانتاری بازنەی موغڵا-ی فراکسیۆنی ئیی پارتی، بەهۆی سکاڵای سەرۆکایەتیی کۆمار لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیاوە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دۆسیەکانی ئاراستەی لیژنەی داد و دەستوور کردووە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە؛ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە سێ سکاڵا لە دژی تۆمارکراوە.
لیژنەی داد و دەستووری پەرلەمانی تورکیا، ژمارەی دۆسیەکانی تاوان بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندیی لە پەرلەمانتارانی 28ـەمین خولی پەرلەمان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 836 دۆسیەی تاوان بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندیی پێشکێش کراون، کە 541یان لە دژی پەرلەمانتارانی دەم پارتییە. لەوانە 105 دۆسیە لە دژی سالیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی مێردین.
هەروەها رۆژی 30ـی کانوونی دووەمی 2024، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە، متمانە لە جان ئاتاڵای پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی کرێکاری تورکیا-تیپ سەندرایەوە، کە پێش هەڵبژاردنی زیندانیکرابوو، سوێندی یاساییشی نەخواردبوو.
بەپێی رێکارەکان، نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دۆسیەکانی تاوان ئاراستەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان دەکات بۆ بەدواداچوون لە نەبوونی کەموکورتی لە دۆسیەکان و دواتر ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکات، دوای پەسەندکردنیان، دەخرێتە بەرنامەی خشتەی کاری ئەنجوومەنی گشتیی بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لە 27ـەمین خولی پەرلەمانی ئەم وڵاتەدا، هەزار و 418 دۆسیەی تاوان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە و پارێزبەندی دژی پەرلەمانتاران پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون. لەم ژمارەیەدا هەزار و 101 دۆسیە لە دژی پەرلەمانتارانی هەدەپە تۆمارکراون. سێ پەرلەمانتاری هەدەپەش بەناوەکانی سەمرا گوزەل، لەیلا گوڤەن و موسا فارسئۆغوڵڵاری متمانەیان لێسەندرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ