رووداو دیجیتاڵ
سرری ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشنیازەیاسایەکی پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا کردووە و داوادەکات شاڵاوی (ئەنفال)ی کوردی باشووری کوردستان بە جینۆساید بناسێنێت. ساکک کۆپییەکی پێشنیازەیاساکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نارد.
لە دانیشتنی سێشەممە 14-4-2026ی پەرلەمانی تورکیادا، سرری ساکک، گوتارێکی پێشکێشکرد و شاڵاوی ئەنفالی رژێمی بەعسی دژی کوردی باشووری کوردستان بەبیرهێنایەوە و گوتی: "ئێمەی کورد لە ماوەی ئەم 100 ساڵەدا لە هەر چوار پارچەدا ساڵانی پڕ لە تاڵیمان تێپەڕاند. رێک 38 ساڵ لەمەوبەر لە باشووری کوردستان، بە سێ ساڵ 200 هەزار کورد لەلایەن سەدامی بکوژەوە، کوژران".
ساکک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەوڵی جیدیمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا (ئەنفال)ی سەدام حوسێن بە جینۆساید بناسێنێت".
پەرلەمانتارەکە لە گوتارەکەی پەرلەمانیدا گوتی: "پەرلەمانی تورکیا هەروەک چۆن کۆمەڵکوژییەکانی بۆسنە بە جینۆساید دەناسێنێت و ئەوەی فەلەستین چۆن دەبینێ، منیش دوێنێ پێشنیازەیاسایەکم ئامادە کرد و پێشکێشی ئەم پەرلەمانەم کرد. پێویستە ئەم پەرلەمانە ئەوە بە جینۆساید ببینێت کە بەرامبەر براکانمان کراوە".
ئەم هەوڵەی پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی لەکاتێکدایە، پرۆسەی چارەسەری لە ئارادایە و دەم پارتیش یەکێک لە لایەنە بڕواپێکراو و قسەرۆیشتووەکانی پرۆسەکەیە.
سرری ساکک لەمبارەیەوە گوتی: "ئەگەر بەیەکەوە و بە برایەتی بژین، دەبێ خەمی کورد خەمی ئەم پەرلەمانە بێت".
دەقی پڕۆژەیاساکەی سرری ساکک:
بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا
لە نێوان ساڵانی 1986 بۆ 1989، لەو سەردەمەی رژێمی بەعس بە سەرۆکایەتیی سەدام حسێن لە عێراق لە دەسەڵاتدا بوو، پڕۆسەیەک بە ناوی (شاڵاوی ئەنفال) دژی کوردانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەستیپێکرد. ئەو پڕۆسەیە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیی وەک: هێرشی زەوینی، بۆردومانی ئاسمانی، وێرانکردنی سیستماتیکی شوێنەکانی نیشتەجێبوون، راگوێزان، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەخۆگرتبوو کە سەرەنجام لە ماوەی سێ ساڵدا نزیکەی 200 هەزار کورد کۆمەڵکوژ کران.
یەکێک لە ناسراوترین هێرشەکانی ئەنفال، هێرشی کیمیایی سەر شاری هەڵەبجە بوو لە رۆژی 16ی ئازاری 1988دا کە زیاتر لە 5 هەزار سڤیل گیانیان لەدەستدا.
ژمارەیەکی زۆر لە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و لە سەرووی هەموویانەوە رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ، هەروەها دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق و پەرلەمانەکانی سوێد، نەرویج و نەمسا، بڕیاریان داوە ئەو تاوانانە وەک "جینۆساید" بناسێنن.
لەو چوارچێوەیەدا، پێشنیازەیاسای من سەبارەت بە ناساندنی کۆمەڵکوژییەکانی ئەنفال وەک "جینۆساید" لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە، لەگەڵ هۆکارەکانی لە هاوپێچدا پێشکەش کراوە.
بە رێزەوە بۆ کاری پێویست.
سڕی ساکک
پەرلەمانتاری ئاگری
هۆکارەکان
کۆمەڵکوژییەکانی ئەنفال کە یەکێکە لە تاریکترین لاپەڕەکانی سەدەی بیستەم، سیاسەتێکی سیستماتیکی لەنێوبردن بوو کە لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە نێوان ساڵانی 1986-1988 دژی گەلی کورد لە عێراق بەڕێوەچوو. ئەو سیاسەتە ئەمنی و ئینکارییە کە دەسەڵاتی سەدام حسێن بەتایبەت دوای ساڵی 1979 پەیڕەوی کرد، گۆڕا بۆ ستراتیجێکی هێرشی گشتگیر بە ئامانجی سڕینەوەی بەکۆمەڵی ناسنامەی کورد. ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی لەژێر ناوی (ئەنفال) کران، بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، راگوێزان، سووتاندن و وێرانکردنی گوندەکان، کۆکردنەوەی سڤیل لە ئۆردوگاکانی زۆرەملێ و پێشێلکاریی تووندی مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر بە ژنان، ئامانجیان لەنێوبردنی گەلێک بوو لە رووی فیزیکی، کولتووری و دیمۆگرافییەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە فەرمی و بیلایەنەکان، لەم پڕۆسەیەدا کە چوار ساڵی خایاند، هەزاران شوێنی نیشتەجێبوونی کورد لەسەر نەخشە سڕانەوە، زیاتر لە ملیۆنێک کەس بە زۆر کۆچبەرکران و نزیکەی 180 بۆ 200 هەزار سڤیل گیانیان لەدەستدا. هێرشی کیمیایی 16ی ئاداری 1988 بۆ سەر هەڵەبجە، دیارترین و تراژیدیترین ئەڵقەی پڕۆسەی ئەنفالە؛ بەڵام ئەنفال تەنیا هەڵەبجە نییە. لە گەرمیانەوە بۆ بادینان، لە سۆرانەوە بۆ دەوروبەری کەرکووک، لە جوگرافیایەکی فراواندا بوونی کورد بە شێوەیەکی سیستماتیک کرایە ئامانج. لەم رووەوە ئەنفال تەنیا تاوانێکی جەنگی نییە، بەڵکو پراکتیکێکی رێکخراوی دەوڵەتە بۆ لەنێوبردنی بەشێک یان تەواوی پێکهاتەیەکی نەتەوەیی کە تەواوی ئەو مەرجانەی تێدایە کە لە "پەیماننامەی رێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید"ی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێناسەکراون.
دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە ساڵی 2010دا هەڵەبجە و هێرشەکانی ئەنفالی وەک (جینۆساید) ناساند؛ پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش بڕیاریان لەو بارەیەوە داوە. پەرلەمانەکانی بەریتانیا، سوێد و نەرویج بڕیاریان داوە ئەنفال وەک (جینۆسایدی کورد) بناسێنن؛ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندە یاساییەکانیش سەرنجیان بۆ سروشتی جینۆسایدبوونی ئەنفال راکێشاوە. ئەم بڕیارانە تەنیا دەستنیشانکردنێکی یاسایی نین، بەڵکو دەربڕینی بڕیارێکی ویژدانی مرۆڤایەتین کە هەرچەندە درەنگیش بێت دراوە. پەرلەمانی تورکیا دامەزراوەیەکی یاسادانانە کە بەرامبەر بەو تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی دەکرێن، بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی لەسەر شانە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە بەشێکی گرنگی گەلی کورد هاووڵاتیی کۆماری تورکیان، ناساندنی کۆمەڵکوژییەکانی ئەنفال وەک جینۆساید تەنیا هەنگاوێکی سیمبۆلیی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوە نییە. ئەم هەنگاوە لە هەمان کاتدا بۆ بەهێزکردنی ئیرادەی پێکەوەژیان لە تورکیا و چەسپاندنی هەستی دادپەروەری بەرامبەر بە ئازارەکانی رابردوو گرنگییەکی زۆری هەیە. هەڵوێستێک کە جیاکاری لەنێوان ئازاری گەلاندا نەکات و بە راشکاوی تاوانە مرۆییەکان شەرمەزار بکات، پێویستیی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە.
ناساندنی ئەنفال وەک جینۆساید، بە واتای نکۆڵینەکردن لە تاوانێکی گەورەی مرۆیی دێ کە لە رابردوودا روویداوە، هەروەها رێزگرتنە لە یادی قوربانییان و دەربڕینی ویستێکی بەهێز بۆ ئەوەی تاوانی هاوشێوە دووبارە نەبنەوە. ئەم ناساندنە دەبێت لە پێناو جێبەجێکردنی یاساکانی مافی مرۆڤ و بەرپرسیارێتیی ویژدانیدا بکرێت. ناساندنی کۆمەڵکوژییەکانی ئەنفال کە لە نێوان ساڵانی 1986-1989 لە عێراق دژی گەلی کورد ئەنجامدران وەک "جینۆساید" لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە، پێویستییەکی مرۆیی، یاسایی و ئەخلاقییە. ئەم پێشنیازە، دەربڕینی ویستی رووبەڕووبوونەوەی رابردوو، زیندوو هێشتنەوەی هەستی دادپەروەری و بونیادنانی داهاتووێکی ئاشتییانەیە لەسەر بنەمای یەکسانیی گەلان.
پێشنیازەیاسا سەبارەت بە ناساندنی کۆمەڵکوژییەکانی ئەنفال کە دژی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامدران وەک جینۆساید.
بڕگەی یەکەم: پەرلەمانی تورکیا؛ دان بەوەدا دەنێت کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی لە چوارچێوەی شاڵاوەکانی ئەنفالدا لە نێوان ساڵانی 1986-1989 لەلایەن رژێمی بەعس و دەسەڵاتی سەدام حسێن لە عێراق بەڕێوەچوون، نزیکەی 200 هەزار کورد کە ژن، منداڵ و بەساڵاچوویان تێدابوو کۆمەڵکوژ کراون و دەیان هەزاری دیکەش بریندار بوون؛ کۆمەڵکوژییەکانی ئەنفال کە ئامانجی لەنێوبردنی نەژادیی گەلی کوردی هەبوو و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی سڤیلەکانی لەخۆدەگرت، وەک "جینۆسایدی کورد" دەناسێنێت و رایدەگەیێنێت.
بڕگەی دووەم: ئەم یاسایە لە رۆژی بڵاوکردنەوەیدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بڕگەی سێیەم: سەرۆککۆمار حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ