رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لەلایەن پارتەکەیەوە دەڵێت، ''وەک چۆن ئەم بڕیارانە بە ویستی رێبەر ئاپۆ دراون، جێبەجێکردنیشیان لە دەستی رێبەر ئاپۆدایە''.
دوران کاڵکان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پەکەکە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا بڕیارەکانی کۆنگرەی حیزبەکەی بە قۆناخێکی نوێ ناوبرد و گوتی: ''سەردەمی پەکەکە لە رێپێوانی ئازادیی ئاپۆییدا کۆتاییهات. ئەو سەردەمەی بە ناسنامەی پەکەکە بەڕێوەدەبرا، کۆتاییهات. ئەم رێپێوانیی ئازادییە، ئیدی بە ناسنامەی نوێ بەردەوام دەبێت. ناسنامەی نوێ، لەسەر بنچینەی کۆمەڵگەی دیموکرات دادەڕێژرێت''.
پەکەکە لە کۆنگرەکەیدا جگە لە بڕیاری خۆهەڵوەشاندەوە، بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکدارییشی دا؛ کاڵکان لەمبارەیەوە گوتی: ''خەبات کۆتایینایەت و بەردەوامە. خەباتمان بەشێوازی نوێ و بەرێکخراوەییبوونی نوێ بەردەوام دەبێت. ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، لەچوارچێوەی ئەو خەباتەی دەیکەین، وەڵاممان بۆ رێگری لە هێرشەکان دەبێت''.
کاڵکان جەختی کردەوە، دەبێت حکومەتی تورکیا هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە وڵاتەکەی بنێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ''کورد ئەمەی دەوێت. کورد هەوڵ بۆ دابەشکردن، پارچەپارچەکردن یاخود دروستکردنی دەوڵەتی جیا نادات''.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەمساڵ داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان بکات، پەکەکە لە رۆژانی 5-7ی ئەم مانگە کۆنگرەکەی کرد، رۆژی 12ی ئەم مانگەش ئەنجامی کۆنگرەکەی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و چیدی بە ناوی پەکەکەوە خەباتی چەکداری ناکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ