رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە تەنزەوە باسی لە ئایندەی گوندپارێزان کرد و رایگەیاند، "بێکار نابن، چەکەکانیان لێ وەربگیرێت و گۆچانێکیان پێ بدرێت با مەڕداری بکەن."
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و چەک دانانی پەکەکە قسەیکرد. لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە گوندپارێزان کرد کە هێزێکی پاڵپشتیکاری سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا و لە ئۆپەراسیۆنەکانی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" لە دژی پەکەکە شەڕ دەکەن.
تونجەر باکرهان گوتی: "گوندپارێزان بێکار نابن، با چەکەکانیان لێ وەربگیرێت و گۆچانێکیان پێ بدرێت شوانی و ئاژەڵداری بکەن. پیشەیەک و ئەرکێکی شەرەفمەندانەیە. لە بری ئەوەی بە چەکی دەستیان هاوگوندییەکانیان ئازار و ئەشکەنجە بدەن، با خەریکی مەڕداری بن."
هاوسەرۆکی دەم پارتی، ئاماژەی بەوەدا ساڵی 1990 تەنیا لە پارێزگای مووش (پارێزگایەکی باکووری کوردستانە) یەک ملیۆن و 800 هەزار ئاژەڵی گەورە و بچووک هەبووە. لە ساڵی 2025دا ژمارەکە بۆ نیوە کەمتر دابەزیووە. ئەو بودجە گەورەیەی بۆ چەک خەرجدەکرا، پێویستە ئەمجارە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری خەرج بکرێت. چیدی ئاژەڵ هاوردە نەکرێت و پشتیوانی لە جووتیاران و کەرتی ئاژەڵداری بکرێت.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەکەی 12ـی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت.
ساڵی 1981 بەبڕیارێکی سهرۆكایهتیی ئهركانی گشتیی سوپای توركیا، هێزی گوندپارێزان دامهزرا. ژمارەیان نزیکەی 60 هەزار کەس دەبێت. ئهركیان پاراستنی گوند و دێهاتهكانی باكووری كوردستانە و شەڕ له دژی گهریلاكانی پهكهكه دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ