رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی سەعادەت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی داوایکرد، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە پەرلەمان رێکبخرێت بۆ ئەوەی بەتێروتەسەلی ئاگاداری هەموو پێشهاتەکانی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە و پرۆسەی چارەسەری بن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025، مەحموود ئاریکان، سەرۆکی پارتی سەعادەت لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی یەنی یۆڵ، کە فراکسیۆنێکی هاوبەشی پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە و پارتی دەڤایە، گوتارێکی پێشکێش کرد.
مەحموود ئاریکان، لە بەشێکی گوتارەکەی داوای کرد کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە پەرلەمان رێکبخرێت و تایبەت بێت بە بڕیارەکەی پەکەکە و پرۆسەی چارەسەری.
سەرۆکی پارتی سەعادەت گوتی: "ئاکپارتی و مەهەپە پرۆسەکە لە پشت دەرگا داخراوەکاندا بەڕێوەدەبەن. پەرلەمانتاران بە پەرلەمانتارانی ئاکپارتیشەوە زانیارییان لەبارەی پرۆسەکەوە نییە. پێویستە پەرلەمانتاران ئاگادار بن بەوەی چۆن هەنگاو نراوە و سەرچاوەی یەکەم هەنگاوی ئەم پرۆسەیە چۆن بووە و ئێستا لە چ قۆناخێکدان و بۆ داهاتوو میکانیزمی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە چۆنە."
مەحموود ئاریکان، رەخنەی لە دەسەڵات گرت، کە رای گشتی لە پرۆسەکە ئاگادار ناکاتەوە و گوتی: "پەرلەمانتاران و سیاسەتڤانانیش لە میدیا و راگەیاندنەکان زانیاری وەردەگرن. دەکرێ بۆ ئەوەی بزانین چی روویداوە و ئاگاداری پێشهاتەکان بین، چاومان لە گۆشەی عەبدولقادر سێلڤی (نووسەرێکی نزیک لە دەسەڵات) بێت؟ ئەگەر دەسەڵات راست دەکات، دەبێ هەموو هەنگاوەکان بە شەفافی بەڕێوەببات و هەمووان ئاگادار بکاتەوە، بەپێچەوانەوە گومان دروست دەکات."
سەرۆکی پارتی سەعادەت هەروەها دەڵێت: "ناکرێت گفتوگۆی ئاشتی لە رۆما، ئۆسلۆ، لەندەن و واشنتن بکرێت. دەبێ لە ئامەد، ئەدیرنە، ترابزۆن و ئەنقەرە بەڕێوەبچێت."
ئاریکان پێیوایە "کۆتاییهێنان بە تیرۆر لە تورکیا بەس نییە" و دەڵێت: "پێویستە قەییووم، تووندوتیژی، کین و نەفرەت، سیاسەتی نکۆڵیکردنیش کۆتایی پێبهێندرێت. ئەم هەموو فاکتەرە رێگەخۆشکەرن بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ تورکیا."
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەکەی 12ـی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ