تورکیا: هۆشداریی سوپای ئیسرائیل بۆ دەرچوونی خەڵکی باکووری غەززە جێگەی قبووڵکردن نییە

14-10-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، داوای سوپای ئیسرائیل بۆ دانیشتووانی باکووری غەززە بۆئەوەی لە ماوەی 24 کاژێردا بچنە باشووری شارەکە، جێگەی قبووڵکردن نییە.
 
سەبارەت بە هۆشداریی سوپای ئیسرائیل بۆ دانیشتووانی باکووری غەززە بۆ چوونە باشووری غەززە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "هۆشداریی سوپای ئیسرائیل بۆ دانیشتووانی فەلەستینی باکووری غەززە تاوەکو لە ماوەی 24 کاژێردا بچنە باشووری غەززە بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە."
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە، "دانیشتووانی غەززە ماوەی چەند رۆژێکە رووبەڕووی بۆردوومان بوونەتەوە. ئەوان بە کۆمەڵ بێ ئاو و کارەبا و خواردن کراون. وەکو چۆن بە زۆرەملێ کۆچپێکردنی ئەو خەڵکە کە 2.5 ملیۆن کەسن بۆ ناوچەیەکی زۆر سنووردار بە روونی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە، لە هەمان کاتیشدا نامرۆڤانەیە."
 
لە 7ی ئەم مانگەوە چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"یان دژی ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل و لەو کاتەوەش ئیسرائیل بەردەوام کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات.
 
رۆژی هەینی 13-10-2023 سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا داوای لە دانیشتووانی باکووری غەززە بەشێوەیەکی گشتی کرد ناوچەکەیان جێبهێڵن، چونکە ئیسرائیل پێی وایە زۆرترین بنکە و بارەگا و چەکداری حەماسی لێیە.
 
بەپێی دوایین ئاماری تەندروستیی غەززە، لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانی ئیسرائیل لانیکەم هەزار و 900 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون و حەوت هەزار و 696 کەسی دیکەش برینداربوون. بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، 614 کەس لە کوژراوەکان منداڵ و 370 کەسی دیکەشیان ژنن.
 
بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکانی ئیسرائیلیش، لە ئەنجامی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس و مووشەکەکانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئیسرائیل، نزیکەی هەزار و 300 کەس لەو وڵاتە کوژراون و نزیکەی سێ هەزار و 227 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
رۆژی هەینی 13ـی تشرینی یەکەمی 2023، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند ژمارەی ئەوانەی لە کەرتی ‌غەززە ئاوارەبوون گەیشتووەتە 432 هەزار و 378 کەس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە