رووداو دیجیتاڵ
بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا شەوی رابردوو دیپلۆماتێکی رووسیا گەیشتە ئیستەنبووڵ و هەمان شەو بە مردوویی لە هۆتێلێکدا دۆزرایەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، ئەو کەسە ناوی نیکۆلای کبرینتێس، تەمەن 62 ساڵ بووە و لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیادا بەڕێوەبەری گشتی بووە، بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ بەرپرسانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی رووسیا لە تورکیا، سەردانی ئیستەنبووڵی کردووە و لە هۆتێلێکی ناوچەی ئاسماڵی مەسجید لە ناوچەی بەیئۆغڵو ماوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، چەندین جار لایەنی رووسی هەوڵیانداوە قسە لەگەڵ دیپلۆماتەکەدا بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ هەواڵێکی نەبووە، پەیوەندییان بە کارگێڕیی هۆتێلەکەوە کردووە و ئەوانیش دوای هەوڵێکی زۆر، چوونەتە ژوورەکەی و بە مردوویی دۆزیویانەتەوە.
کارمەندانی هۆتێلەکە پەیوەندییان بە تیمی تەندروستی و پۆلیسی ناوچەکەوە کردووە و دوای پشکنین دەرکەوتووە کە چەند کاژێرێک پێشتر گیانی لەدەستداوە.
تەرمی نیکۆلای رەوانەیی دادپزیشکیی ناوچەی بەیئۆغڵو کراوە بۆ زانینی هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو دیپلۆماتە رووسییە و بۆ ئەو مەبەستەش داواکاری گشتیی کۆماری لە ئیستەنبووڵ لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە.
رووسیا چوار نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی لە تورکیا هەیە؛ باڵیۆزخانە لە ئەنقەرە، کۆنسوڵخانە لە ئیستەنبووڵ، ترابزۆن و ئەنتالیا. هەردوو وڵاتیش پەیوەندییەکی بەهێزیان پێکەوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ