رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی تووند لە ئەمریکا دەگریت و دەڵێت، ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ ناوچەکە کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین قووڵتر دەکاتەوە.
رۆژی هەینی 14ی تشرینی یەکەمی 2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامێکدا رەخنەی لە هەڵوێستی ئەمریکا گرت سەبارەت بە شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل و گوتی، "بە دڵنیاییەوە ئەمریکا بە ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ ناوچەکە یارمەتیدەر نییە بۆ ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژیی نێوان لایەنەکان."
رۆژی 12ی ئەم مانگە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی تەلئەڤیڤی کرد و لەگەڵ بنیامنین ناتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە و پاڵپشتیی ئەمریکای بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە و گوتی، "من تەنیا وەکو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نەهاتوومەتە ئیسرائیل، بەڵکو وەکو جوویەک هاتووم."
ئەردۆغان رەخنەی تووندی لە گوتەکانی ئەنتۆنی بلینکن گرت و گوتی، "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، وەکو جوویەک لە ئیسرائیل نزیک دەبمەوە، نەوەک وەزیری دەرەوە. ئەوە چ جۆرە رێبازێکە؟ ئەگەر خەڵک بڵێن وەکو موسڵمان لە غەززە نزیک دەبنەوە، تۆ هەڵوێستت چی دەبێت؟ تۆ دەبێت وەکو مرۆڤ لە خەڵک نزیک ببیتەوە."
ئەردۆغان رەخنەی لە ئیسرائیل گرت بەوەی گەمارۆی خستووەتە سەر غەززە و کارەبا، ئاو، سووتەمەنی و خواردنی لە نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە غەززە بڕیوە و گوتیشی، "سزادانی تەواوی خەڵکی غەززە تەنیا کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە؛ ئازاری زیاتر، گرژیی زیاتر و رژانی فرمێسکی زیاتری لێدەکەوێتەوە."
تورکیا، بە گوتەی ئەردۆغان، فڕۆکەیەکی پڕ لە هاوکاریی مرۆیی دەنێرێتە میسر و داواشی لە ئیسرائیل کرد کە رێگە بدات ئەو هاوکارییانە بگەنە غەززە.
دوای هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا فەرمانی بە کەشتی فڕۆکە هەڵگری USS Gerald R. Ford کرد بەرەو رۆهەڵاتی دەریای نێوەڕاست بڕوات و لە ئیسرائیل نزیک ببێتەوە.
هەشت رۆژ بەسەر گرژی و هێرشەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل تێدەپەڕێت و تائێستا زیاتر لە 3300 کەس لە هەردوولا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ