ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: متمانەمان هەیە و دڵنیاین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دۆخی شارەکانی باکووری کوردستان رایگەیاند، لەو ناوچانە ساڵانێکی زۆر 'تیرۆر' هەبوو، بەجۆرێک گەنجانی ئەوێ بە ئاسانی دەرفەتی خوێندنیان نەدەبوو، گوتیشی، "ئێستا ئاشتی و ئارامی هەیە؛ متمانەمان هەیە و دڵنیاین".
 
لە پرۆگرامێکی تایبەت بە گەنجانی ئاکپارتی کە رۆژی یەکشەممە 14-12-2025 لە ئیستەنبووڵ بەرێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی دەسپێک و گۆڕانکارییەکانی ئێستای پرۆسەی چارەسەری کرد. 
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، لەو سەردەمەدا ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەو ناوچانە بوونە قوربانی. بەجۆریک وایکردووە بیر لە جێبەجێکردنی پرۆسەیەک بکەنەوە کە حکومەتی تورکیا بە 'تورکیای بێ تیرۆر' و دەم پارتی و قەندیل بە 'پرۆسەی چارەسەری' ناوی دەبەن.
 
ئەردۆغان لەبارەی یەکەمین هەنگاوی ئەمجارەیان لە پرۆسەکە گوتی: "لەگەڵ سەربازان، پۆلیسمان و هەمووان، دانیشتین و قسەمان کرد. هەڵسەنگاندنمان بۆ کارەکە کرد. گوتمان چۆن تورکیایەکی بی تیرۆر بنیات دەنێین؟ گوتمان ئایا دەتوانین ئەمە بکەین؟ تەواوی هاوڕێیانمان گوتیان دەتوانین. بە هەواڵگری و کابینەی حکومەتمانەوە بێ ئەوەی هەوراز و نشێوی پیبکەین، گوتمان بەخێرایی هەنگاو بۆ تورکیای بێ تیرۆر دەنێین و هەنگاومان نا".
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد. هەروەها رۆژی 11ی تەمموز، 30 گەریلا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.
 
ئەردۆغان لەبارەی دوایین هەنگاوەکانی پرۆسەکە گوتی: "ئێستا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ و رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، لەوانەیە چەند ئەشکەوتێک مابن، جگە لەوانە هەموو شوێنەکانمان پاککردەوە و ئەم هەڵمەتی پاککردنەوەیەش بەردەوام دەبێت. هەروەها هاوڕێیانی پەرلەمانیش ئەرکی خۆیان لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا بە باشی رادەپەڕێنن. خێراییمان بە کارەکان داوە و بەمجۆرە بەردەوام دەبێت. ئەشکەوتەکان چۆڵکران و چەکەکانیش سووتێندران و دەسووتێندرێن. ئێستا ئاشتی و ئارامییەک لە باشوور و رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ هەیە. متمانەمان هەیە، دڵنیاین".
 
پرۆسەی چارەسەر رۆژی 1-10-2024 بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد.
 
لە دوایین هەنگاودا شاندێکی سێ کەسیی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی سەردانی دوورگەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە.
 
ئێستاش پارتە سیاسییەکانی نێو ئەو کۆمیسیۆنە راپۆرتی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پێشکێش بە پەرلەمان دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پەرلەمانی تورکیا. وێنە: AA

ژمارەی بەندکراوان لە دۆسیەی گێچەڵی سێکسی لە پەرلەمانی تورکیا بووە چوار کەس

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گێچەڵی سێکسی لە نێو پەرلەمانی تورکیادا رۆژی شەممە 13-12-2025 بڕیاری بەندکردن بۆ سێ کەس و بڕیاری ئازادکردن بە مەرجی دادوەری بۆ کەسێک دەرچوو. بەمەش ژمارەی بەندکراوانی دۆسیەکە گەیشتە چوار کەس