تورکیا: دەستێوەردان لە کەیسی جینۆسایدی دژ بە ئیسرائیل لە دادگەی نێودەوڵەتی دەکەین

15-05-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی دەستێوەردانی فەرمی لە کەیسی جینۆسایدی دژ بە ئیسرائیل لە دادگەی نێودەوڵەتیی داد دەکات.
 
رۆژی سێشەممە 14ی ئایاری 2024 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە گوتی، "ئێمە سەرکۆنەی کوژرانی هاووڵاتییانی سیڤیل لە 7ی ئۆکتۆبەر دەکەین، بەڵام ئیسرائیل بە سیستماتیک هەزاران هاووڵاتیی بێتاوانی فەلەستینی دەکوژێت."
 
سەرەتای ئەم مانگە، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندبوو، تورکیا هاوشانی ئەفریقای باشوور دژی ئیسرائیل لە دادگەی نێودەوڵەتیی داد دەوەستێتەوە؛ بەڵام سەرچاوەیەکی فەرمی لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، تائێستا تورکیا هیچ داوایەکی فەرمیی ئاراستەی دادگەکە نەکردووە.
 
سەرەڕای هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ حەماس، چەندین جار تورکیا رەتیکردووەتەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو گرووپە فەلەستینییە بپچڕێنێت.
 
ئاژانسی فەرمیی تورکیا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 12ی ئایار ئیبراهیم کاڵن لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە و شاندی یاوەری لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆبوونەتەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەنییە ستایشی رۆڵی تورکیای کردووە لە قۆناخی دانوستاندنەکاندا لەگەڵ ئیسرائیل و باسی دوایین بارودۆخی دانوستاندنەکان، هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ئاگربەست لە غەززە کراوە.
 
رۆژی 29-12-2023 ئەفریقای باشوور لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی لە شاری لاهایی هۆڵەندا، بە تۆمەتی جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە، سکاڵای لەسەر ئیسرائیل تۆمار کرد.
 
ئەفریقای باشوور لە سکاڵاکەیدا ئیسرائیلی بە جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە تۆمەتبار کردبوو و ئاماژەی بەوە دابوو، "کردەوەکانی ئیسرائیل ئامانجدار بوون و مەبەست لێیان لەنێوبردنی گرووپێکی نەتەوەیی و رەگەزی فەلەستینییەکان بووە."
 
رۆژی 26-01-2024 دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە لاهای لەبارەی سکاڵاکەی ئەفریقای باشوور گوتی، "دەبێت ئیسرائیل هەموو رێوشوێنێک بگرێتە بەر بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرێکی تاوانی جینۆساید."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە