رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا بە سەرۆکی ئۆکراینا راگەیاند، تورکیا گرنگی بەوە دەدات کەناڵەکانی دیالۆگ لە نێوان ئۆکرانیا و رووسیا کراوە بن بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئاشتی بەرقەرار بێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گەیشتە ئەنقەرە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لەمبارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاویکردەوە. تێیدا هاتووە لە کۆبوونەوەی دوو قۆڵی نێوان رهجهب تهیب ئهردۆغان و ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی، ھەوڵەکان بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و پرسە دووقۆڵییەکان و ناوچەییەکان تاوتوێ کران.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە، "لە قۆناخی ئێستادا، رەوتی شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا، چارەسەرکردنی بە رێگەی گفتوگۆی راستەوخۆ پێویست دەکات، ھەروەھا بۆ ئەوەی رێگری لە زیاتربوونی زیانی گیانی بگیرێت، گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر خاڵە ھاوبەشەکان زۆر گرنگە."
ئەردۆغان بە زیلینسکی راگەیاند، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان ھاتووەتە ئاراوە، ھەروەھا جەختی لەوە کردەوە کە بەھێزترین پشتگیری بۆ کۆبوونەوەکان لەسەر ئاستی تەکنیکی و ئاستی سەرکردەکانیش دەکەن.
ئەردۆغان راشیگەیاند تورکیا گرنگی بەوە دەدات کەناڵەکانی دیالۆگ لە نێوان ئۆکرانیا و رووسیا کراوە بن بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئاشتی بەرقەرار بێت. ھەروەھا رایگەیاند خۆشحاڵ دەبن بە میوانداریکردنی سەرکردەکانی ھەردوو وڵات.
رۆژی 10ـی مانگ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە تەلەفۆن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا قسەیکرد. رایگەیاند، ئامادەیە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست سەردانی ئیستەنبووڵ بکات. هەمان رۆژ، زیلینسکی رایگەیاندبوو، رۆژی 15ـی مانگ سەردانی تورکیا دەکات و ئامادەیە گفتوگۆ لەبارەی ئاگربەست بکات.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنتاڵیا لەگەڵ شاندی دانووستاندنکاری ئۆکراینا کۆبووەوە و بڕیارە ئەمشەو لەگەڵ شاندی دانووستاندنکاری رووسیاش کۆببێتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی رایگەیاند، لە تورکیا دەمێنێتەوە تا دەستپێکردنی دانووستاندنەکان و جەختی لەوەشکردەوە، هاتوونەتە تورکیا بۆ بەدەمەوەچوونی دەستپێشخەریی ئاگربەست کە سەرۆکی رووسیا داوایکردبوو، کەچی شاندی رووسیا ئامادەنین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ