ئاگر لە دارستانێکی تورکیا دەکەوێتەوە

15-06-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە دارستانەکانی شارۆچکەی مەنشە-ی سەر بە پارێزگای موغڵا لە باشووری رۆژئاوای تورکیا کەوتەوە و پێنج دۆنم پاوان و دارستان سووتان.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 14ی حوزەیرانی 2023، ئاگر لە دارستانەکانی ئۆزلوجە و یەمیشان لە شارۆچکەی مەنشە لە پارێزگای موغڵا کەوتەوە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە له‌ رێگەی فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و ئامێرەکانەوە، لە ئاسمان و زه‌وییه‌وه‌ هه‌وڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکانیان دا و دوای هەوڵێکی زۆر ئاگرەکە کوژێندرایەوە.
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئاگرەکە لە کاژێر 16:16 خولەک کەوتووەتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە. بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان؛ دوو هێلیکۆپتەر، 21 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 5 شۆڤڵ و 252 کارمەند رەوانەی شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە کران. دوای کوژاندنەوەشی دەرکەوت، پێنج دۆنم لە دارستانەکان سووتاون.
 
لە هەشت مانگی ئەمساڵدا 203 ئاگر لە دارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتوونەتەوە؛ بەهۆیانەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە دووانیان بیانی بوون. هەروەها 149 کەسیش بریندار بوون.
 
بۆ بەرگرتن لە رووداوەکانی سووتانی دارستانەکان، حکومەت لە بودجەی دارایی گشتیی 2022دا بە رێژەی 56% بودجەی دارستانەکانی زیادکرد. ساڵی 2021، بودجەی پاراستنی دارستانەکان 457 ملیۆن و 480 هەزار دۆلار بوو. لە 2022شدا، 568 ملیۆن و 755 هەزار دۆلار پەسند کرا. هەروەها پێنج هەزار کارمەند و پاسەوانیش دامەزران، کە راستەوخۆ سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە