رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، سوورن لەسەر دابەزاندنی هەڵاوسان بۆ تاک خانەیی. دەشڵێت، رێگەنادەن هەڵاوسان کرێکارەکان بچەوسێنێتەوە.
لەکاتی گەڕانەوەی لە بەشە تورکییەکەی کۆماری قوبرسی باکوور و ئازەربایجان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەناو فڕۆکەکەیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و گوتی، "سەردان و کۆبوونەوەکانی بەسوود بوون."
سەبارەت بە کەمترین کرێی کار لە تورکیا ئەردۆغان رایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە ناهێڵین هەڵاوسان کرێکارانمان بچەوسێنێتەوە. با کرێکاران بێخەم بن لەوەی ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین". ئاماژەی بەوەش کرد، ''گرتنەبەری هەنگاوی خێرای وەزارەتی گەنجینە و داراییمان لەگەڵ بانکی ناوەندی پەسند کرد، نیشانماندا کە پێداگرین لەسەر دابەزینی هەڵاوسان بۆ تاک خانەیی.''
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە کەرتی بانکیی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "کەرتی بانکیمان بەهێزە. هەموو بابەتەکە بەهێزکردنی ئیدارەدانی داراییە و با جارێکی دیکە بە خێرایی رێژەی هەڵاوسان کەمبکەینەوە. هەوڵی بەهێزکردنی کەرتی ئابووری دەدەین و بەردەوام دەبین لە دۆزینەوەی سەرچاوە بۆ ئەم کەرتە."
لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد، "لە پرەنسیپماندا نییە جیاکاری بکەین لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا. ئێمە چەندە نزیک بین لە رۆژئاواوە، لانیکەم هێندەش نزیکین لە رۆژهەڵاتەوە. 50 ساڵمان تێپەڕاندووە، بەڵام هێشتا یەکێتیی ئەوروپا لەسەر هەمان خاڵە. پێویستە ئێمەش چاوێک بەمەدا بخشێنینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ