ئەردۆغان: هەتا خۆپێشاندانەکانی دژی تورکیا رانەگیرێن، پشتگیریی ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ ناکەین

15-06-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی داواکاریی سوێد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوی ناتۆ پەسند ناکات تاوەکو ستۆکهۆڵم خۆپێشاندانەکانی دژی تورکیا لە وڵاتەکەی رانەگرێت.
 
رۆژی چوارشەممە 14ی حوزەیرانی 2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "تورکیا ناتوانێت داواکاریی سوێد بۆ ئەندامبوونی لە رێکخراوی ناتۆ، پەسند بکات، لە کاتێکدا تیرۆریستان لە ستۆکهۆڵم خۆپێشاندان دژی تورکیا دەکەن."
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "پۆلیسی سوێد دەبێت رێگە لەو خۆپێشاندانانە بگرێت؛ کاری پۆلیس چییە لەوێ؟"
 
ئەو گوتانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شاندی دانوستاندنکاری تورکیا، فینلاند، سوێد و رێکخراوی ناتۆ، لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە نیگەرانییەکانی ئەنقەرە کرد.
 
هاوکات، ئۆسکار ستێنستۆرم، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری سوێد، دانوستاندنی نێوان وڵاتەکەی و ئەنقەرەی بە "باش" ناوبرد و گوتی، "کاری من ئەوەیە، لە هاوتا تورکییەکەم بگەیێنم کە ئێمە رێکاری پێویستمان گرتووەتەبەر، بەڵام تورکیا تائێستا ئامادە نییە بڕیار لەسەر ئەوە بدات."
 
لە ئایاری ئەمساڵدا، لە سوێد چەند خۆپێشاندانێک لەلایەن کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە دژی تورکیا کران و بەشێک لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکان، ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەیان بەرزکردەوە، ئەوەش ناڕەزایەتیی قووڵی تورکیای لێکەوتەوە.
 
سوێد دەیەوێت، پێش کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ، کە رۆژی 11ی تەممووزی ئەمساڵ لە ڤێڵنیاس لە لیتوانیا بەڕێوەدەچێت، ئەنقەرە ئەندامێتییەکەی لە ناتۆ پەسند بکات.
 
لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە رێکخراوی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە.
 
تورکیاش وەکو ئەندامێکی رێکخراوەکە پێشتر رایگەیاند، ئامادەیە داواکاریی فینلاند و سوێد پەسند بکات بەو مەرجەی هەردوو وڵاتەکە، بە تایبەتی سوێد، ژمارەیەک داواکراویان رادەست بکەنەوە، بەڵام سوێد نەچووە ژێرباری داواکارییەکەی تورکیا، بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا تەنیا بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ رازی بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە