ئەردۆغان پارەی کۆکراوەی ژنێکی 99 ساڵانی وڵاتەکەی بۆ منداڵانی فەلەستین دەنێرێت

15-07-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژنێکی بە تەمەن لە تورکیا 9 ساڵە بڕێک پارەی کۆکردووەتەوە و داوا لە سەرۆککۆماری تورکیا دەکات، وەک هاوکارییەک بۆ منداڵانی فەلەستینی بنێرێت.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی دووشەممە، 14ی تەممووزی 2025 سەردانی ماڵی موزەفەر گوڵشەنی (99 ساڵ) لە شارۆچکەی کزڵجاهەمان لە ئەنقەرە کرد و لەگەڵ ئەندامانی ئەو خێزانە گفتوگۆی کرد.
 
گوڵشەن، زاوایەک و دوو کوڕی لە هەوڵی کودەتاکەی شەوی 15ی تەممووزی 2016 لە تورکیا گیانیان لەدەستدا.
 
ژنە تەمەن 99 ساڵەکە گوتی، بە مەبەستی هاوکاریکردنی منداڵانی فەلەستین 9 ساڵە پارەی کۆکردووەتەوە، گوتیشی: ''ئەو پارەیەی کۆمکردبوونەوە، بە سەرۆککۆمارمانم دا''.
 
دواتر ئەردۆغان، رێنمایی بە حەسەن دۆغان، بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەتی دا تاوەکو ئەو بڕە پارەیە بۆ منداڵانی فەلەستین بنێرێت.
 
شەوی 15ـی تەممووزی 2016، بەشێک لە سەربازانی سوپای تورکیا بەمەبەستی ئەنجامدانی کودەتا جووڵەیان پێکرا. ئەوان دەستیان بەسەر چەند دامودەزگایەکی حکومەتدا گرت، بەڵام هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبوو و وەکو کودەتا شکستخواردووەکەی 15ـی تەممووز چووە نێو مێژووی تورکیاوە.
 
راستەوخۆ دوای ئەم رووداوە باری نائاسایی راگەیێندرا، دەسەڵات جەماعەتی گولەنییەکانی (بزووتنەوەی خزمەت) تۆمەتبار کرد. بەڵام گولەنییەکان بە هەموو جۆرێک رەتیدەکەنەوە، دەستیان لەو هەوڵی کودەتایەدا هەبووبێت.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، فەتحوڵڵا گولەن، سەرۆکی بزووتنەوەی خزمەت، رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی پار، لە نەخۆشخانەیەکی پێنسلڤانیا لە ئەمریکا گیانی لەدەستدا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە