رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، گومانیان لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری نییە. ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئەگەری سەرخستنی پرۆسەکە، سەردەمێکی نوێ لە وڵاتەکەی دەستپێدەکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێشکرد و بەشێکی قسەکانی تایبەت بوون بە پرۆسەی چارەسەری.
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە ئەگەری کۆتاییهاتنی شەڕی چەند دەیەی سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سەقامگیری لە وڵاتەکەی و ناوچەکەش بەرقەرار دەبێت.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر پرۆسەی چارەسەری سەربگرێت، سەردەمێکی نوێ لە بوارەکانی ''بەرگری، ئابووری، ئاسایش، سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوە''ی وڵاتەکەی دێتەکایەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە، بە پاڵپشتیی گەلانی وڵاتەکەی دەتوانن ''بەبێ هیچ گومانێک'' پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام بگەیێنن. گوتیشی: ''باوەڕمان بە برایەتیی هەزار ساڵەمان هەیە''.
هەینیی رابردوو لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، 30 گەریلای پەکەکە چەکەکانیان دانا، کە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە، یەکێک بوو لەوان.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ