سەرۆکی جەهەپە: پرسی کورد لە رێگەی بەدیموکراسیبوونی تورکیا چارەسەر دەبێ

15-07-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) دەڵێت، پاڵپشتی لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دەکەن. دەشڵێت، ''پرسی کورد لە رێگەی بەدیموکراسیبوونی تورکیاوە چارەسەر دەکرێت''.
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رۆژی سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند: ''ئەگەر بڕیار بێت چەکەکان دابنرێن و ئاشتی و سەقامگیری لە تورکیا بەرقەرار بێ، ئەمە شتێکی باشە و پاڵپشتی لێ دەکەین''.
 
سەرۆکی جەهەپە دەڵێت، دەبێت حکومەتی وڵاتەکەی هەنگاوی ''دیموکراسییانە'' بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند دەیەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بنێت. گوتیشی: ''بۆچی ئیدی دایکانی کورد و تورک بگرین؟''
 
بە بۆچوونی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، پرسی کورد لە رێگەی بەدیموکراسیبوونی تورکیاوە چارەسەر دەکرێ.
 
سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، لە 16 خاڵدا پێشنیاز و بۆچوونەکانی خۆیان لەبارەی پێکهێنانی لیژنەی پرۆسەی چارەسەری، پێشکێشی نوعمان کورتووڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کردووە. گوتیشی: ''دەبێت پەرلەمان رۆڵێکی کاریگەر بگێڕێ''.
 
هەینیی رابردوو لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، 30 گەریلای پەکەکە چەکەکانیان دانا، کە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە، یەکێک بوو لەوان.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. 
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە).

باخچەلی: هیچ رێگرییەک لەبەردەم گردبوونەوە جەماوەرییەکەی دەم پارتی لە ئامەد نییە

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، ئەنجامدانی گردبوونەوەی جەماوەری لەلایەن دەم پارتییەوە لە شاری ئامەد لە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕیندایە و هیچ کێشەیەکی تێدا نابینێت. بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت پەیامەکەی "27ی شوبات"ـی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبیر بکرێت.