رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، ''ئەمە تەنیا پرسی دەم پارتی نییە، بەڵکو پرسی تورکیایە.'' ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت تورکیا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ''دۆستایەتی دروست بکات'' و ''واز لە زمانی هەڕەشە بەرامبەر کوردی سووریا بهێنێت.''
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی رۆژی هەینی، 15ی ئابی 2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای پارتەکەی لە ئەنقەرە، سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، ''بەرپرسیارێتیی ھاوبەشی ھەموومانە. ئەمە تەنیا پرسی دەم پارتی نییە، بەڵکو پرسی تورکیایە. پێویستە بە جۆرێک مامەڵە بکەین، لەگەڵ پرۆسەکە گونجاو بێت.''
لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و کاریگەرییەکانی لەسەر پرۆسەی چارەسەری، دۆغان گوتی، ''لە کاتێکدا تورکیا لە وڵاتەکەیدا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت، پێویستە بەدوای ئاشتەواییەکی مێژوویی و ھەمیشەییدا بگەڕێت، بەتایبەتی لەگەڵ کوردی سووریا.''
دۆغان رایگەیاند، دەبێت تورکیا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ''دۆستایەتی دروست بکات، نەوەک گرژی. پێویستە تورکیا واز لە زمانی هەڕەشە بەرامبەر کوردی سووریا بهێنێت. دەبێت هەستیاریی کورد لەمبارەیەوە لەبەرچاو بگیرێت.''
گوتەبێژی پارتی یەکسانی دیموکراسیی گەلان باسی لەوەش کرد، دەستکەوتی کورد لە سووریا و بەرقەراربوونی دیموکراسی لەو وڵاتە، ''نابێتە هەڕەشە لەسەر تورکیا، بەڵکو بۆی دەبێتە هەل.''
ئەو گوتانەی دۆغان لەبارەی رۆژئاوای کوردستان دوای ئەوە هاتن، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کە رۆژی 13-08-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، باسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی کرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە هەسەدە کرد، "لەگەڵ حکومەتی شام بڕۆنە نێو کەشێکی ئەرێنی، ئەوەی لەدەستتان دێت بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی سووریا بیکەن. چی زووە خۆتان لەو قاڵبە دەربهێنن کە بە کۆکردنەوەی چەک لە جیهانەوە و تیرۆریستان، بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا و ناوچەکە. ئەو مامەڵەیەی ئێستا دەیکەین، مامەڵەیەکی دروست نییە. ئیدی ئەمە بگۆڕن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ