دەم پارتی لەبارەی شەڕی پەکەکە و تورکیا: با ئەو ئازارانەی چەشتوومانن، کۆتاییان بێت

15-08-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، دەبێت برایەتیی کورد و تورک بەهێز بکرێت. لەبارەی شەڕی چەند دەیەی پەکەکە و تورکیاش ئاماژە بەوە دەکات، ''با ئەو ئازارانەی چەشتوومانن، کۆتاییان بێت.''
 
گوڵستان کڵچ کۆچیگیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رۆژی هەینی 15ی ئابی 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، ''ئەگەر پرسی کورد چارەسەر بکەین، گەورەترین بەربەست لەبەردەم بەدیموکراسیبوونی تورکیا لادەبەین. بەدیموکراسیبوونی تورکیا، گەرەنتیی ئاییندەی کورد دابین دەکات.''
 
کۆچیغیت ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە برایەتیی کورد و تورک بەهێز بکرێت؛ لەبارەی شەڕی چەند دەیەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیاش گوتی، ''با ئەو ئازارانەی چەشتوومانن، کۆتاییان بێت.''
 
سەبارەت بە لیژنەکەی پەرلەمان بۆ پرۆسەی چارەسەری، کۆچیغیت باسی لەوە کرد، نابێت تەنیا کار لەسەر چەکدانانی پەکەکە بکات، بەڵکو دەبێت جەخت لە چارەسەرکردنی پرسی کورد بکاتەوە، ''چونکە بەر لە دامەزراندنی پەکەکەش پرسی کورد لە تورکیا هەبوو.''
 
1ی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێ، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
 
هەروەها لیژنەی ''هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە