رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا، بەربژێربوونی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە راگەیاند.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 15ـی ئەیلوولی 2023 لە بارەگای گشتیی جەهەپە بەڕێوەچوو، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا باسی لە پێویستیی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی لەنێو جەهەپە کرد و گوتی، "لێرەوە بەربژێربوونم بۆ سەرۆکایەتیی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە رادەگەیێنم".
ئۆزەل گوتیشی، "ناتوانین بە گەورەترین نائومێدیی مێژوومانەوە بچینە 100ـەمین ساڵەی کۆمارەکەمان و 100ـەمین ساڵەی دامەزراندنی جەهەپە. ناتوانین رێگە بەوە بدەین؛ رێگە بەوە نادەم؛ هەموومان بەیەکەوە رێگە بەوە نادەین".
سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە داوای پشتگیری لە هەموو ئەندامانی پارتەکەی کرد بۆ سەرخستنی بەربژێربوونی و گوتی، "بانگهێشتی هەمووان دەکەم بۆ ئەم رێپێوانە گەورەیە. بانگەوازەکەمان بۆ هەموو ئەندامان و دەنگدەرانمان و گشت هاووڵاتيیانی کۆماری تورکیایە. وەرن با پێکەوە ئەم رێگە نوێیە بکەینەوە؛ با بەیەکەوە بەرەو ئامانجەکە رێبکەین، چونکە ئەگەر جەهەپە بگۆڕدرێت، تورکیا دەگۆڕدرێت. ئەمە نیشتمانی ئێمەیە".
ئۆزگور ئۆزەل رایگەیاند، "لە سبەیەوە کۆنگرەی نێوخۆیی رێکخستنی جەهەپە لە شارەکان دەستپێدەکات و زۆر بە وردی چاودێری کۆنگرەکان دەکەین و دواتر رۆژی ئەنجامدانی کۆنگرەی گشتیی رادەگەیێنین".
بڕیارە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپە بەڕێوەبچێت.
پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە لە رۆژی 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا و لە ساڵی 1923 تاوەکو 1950، 17 جار حکومەتی پێکهێنا؛ دواتر بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردەی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و دواتر بە بڕیاری دادگەی دەستوور کرایەوە؛ 37 کۆنگرەی ئاسایی و 18 کۆنگرەی نائاسایی رێکخستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ