رووداو دیجیتاڵ
لە نێو شاری ئیستەنبووڵ تەقە لە مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرا و کوژرا.
بەپێی هەواڵی میدیای تورکیا، کاژێر 20:30 خولەکی شەوی سێشەممە 14-10-2025 لە بەردەم ماڵی خۆی لە گەڕەکی ئیسلامبیی ئیستەنبووڵ تەقە لە مامۆستا مەسعود نەزەری کراوە و بریندار کراوە.
مامۆستا مەسعود نەزەری بە برینداری گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و لەوێ گیانی لەدەستداوە.
میدیای تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، پۆلیس لێکۆڵینەوەی لەبارەی بکوژ یان بکوژانی ئەو مامۆستا ئایینییە دەستپێکردووە، بەڵام هێشتا کەس دەستبەسەر نەکراوە.
مامۆستا مەسعود نەزەری، خەڵکی شاری جوانڕۆیە لە پارێزگای کرماشان. ساڵی 2014 لە کرماشان دەستبەسەر کرا و دواتر لە هەمەدان و تاران 10 مانگ لە گرتووخانە راگیرا. لە ساڵی 2015ـەوە چووەتە تورکیا و لە شاری ئیستەنبووڵ نیشتەجێ بووە. لەو ماوەیەدا لە گوتار و هەڤپەیڤینەکانیدا رەخنەی لە دەسەڵاتی ئێران گرتووە.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی سوننەکانی ئێران رایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی ئەو مامۆستا ئایینییەیە و داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە، بکوژ یان بکوژانی دەستبەسەر و سزا بدات.
تاوەکو ئێستا پۆلیس و داودەزگاکانی دیکەی تورکیا هیچیان لەبارەی کوژرانی ئەو مامۆستا ئایینییەی رۆژهەڵاتی کوردستان رانەگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ