رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێ لە بەشێکی زۆری ناوچە شاخاوییەکانی 9 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەفر ببارێ و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.
پاشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی 14ـی تەممووز، شەپۆلێکی بەفر و سەرما ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ئەردەخانی باکووری کوردستان گرتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ئەمڕۆ شەممە 15ـی مانگ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێشبینی دەکرێ بەفر لە 9 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا ببارێ و کەشەکەش چەند رۆژێک بەردەوام بێت.
بە گوێرەی کەشناسیی تورکیا، ئەمڕۆ شەپۆلێکی بەفربارین پارێزگاکانی ئەردەخان، قەرس، ئاگری، ئەرزەڕۆم، مەڵەتێ و سێواس لە باکووری کوردستان و پارێزگاکانی یۆزگات، نیدە و نەڤشەهیر لە تورکیا دەگرێتەوە، پلەی گەرما لانیکەم 4 پلە دادەبەزێ و تێکڕا لەنێوان 4 بۆ سفر پلەی سیلیزی دەبێت.
هەروەها پێشبینی دەکرێ هەر ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستان و بەشی رۆژئاوای هەرێمی دەریای رەشی تورکیا شەپۆلێکی لێزمەباران ببارێ. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا پێشبینی دەکات کەشەکە لانیکەم دوو رۆژ بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ