نرخی سووتەمەنی لە تورکیا بەرزدەبێتەوە

15-11-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جارێکی دیکە نرخی سووتەمەنییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەرزبوونەوە و ژمارەی پێوانەیی هەموو کاتەکان دەشکێنێت. نرخی لیترێک بەنزین گەیشتە 56.09 لیرە (نزیکەی 1740 دیناری عێراقی). 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان، کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، بووە هۆی بەرزکردنەوەی باج لەسەر بەنزین و گازوایل بۆ ئەم مانگەش. 
 
بەوپێیە، بەگوێرەی نوێترین بڕیار کە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دراوە، بەیانی ئەمڕۆ شەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2025، بڕیاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەکان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
نرخی سووتەمەنییەکانی وەک بەنزین و گازوایل و گازی شل LPG بەڕێژەی 10٪ لە نرخی پێشوویان زیاد کرا. 1.30 لیرەی تورکی (نزیکەی 41 دیناری عێراقی) خرایە سەر نرخەکانی پێشوویان. 
 
بەمەش نرخی هەر لیترێک بەنزین لە 54.79 لیرە (نزیکەی 1700 دینار) گەیشتە 56.09 لیرە (نزیکەی 1740 دیناری عێراقی) و نرخی هەر لیترێک گازوایل لە 57.69 لیرە (نزیکەی 1789 دیناری عێراقی) بۆ 58.99 لیرە (نزیکەی 1830 دیناری عێراقی) و نرخی هەر لیترێک گازی شل LPG لە 26.23 لیرە (نزیکەی 815 دیناری عێراقی) گەیشتە 27.53 لیرە (نزیکەی 855 دیناری عێراقی).  
 
دوایینجار، رۆژی 25ـی تشرینی یەکەمی 2025 نرخی بەنزین و گازوایل و گازی شلی ئۆتۆمبێلەکان 1.15-1.22 لیرە (نزیکەی 44-46 دیناری عێراقی) بەرزبووەوە. 
 
بەمەش لەماوەی مانگێکدا نرخی سووتەمەنییەکان بەرێژەی 9.34٪ بەرزبووەوە. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، رۆژانە لە تورکیا و باکووری کوردستاندا بە تێکڕا 14 ملیۆن لیتر بەنزین و 56 ملیۆن لیتر گازوایل بەکاردەهێندرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە