رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، لە شارۆچکەی ئایڤاڵک سەر بە پارێزگای باڵکئەسیر لە تورکیا، نۆ کۆچبەری سووری دەستگیر کران، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یۆنانەوە ناچار بە گەڕانەوە بۆ سنوورە ئاوییەکانی تورکیا کرابوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەرەبەیانی رۆژی 16ی تەممووزی 2023 راداری گەڕۆکی فەرماندەیی گرووپی رۆژئاوای ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، لە کەناراوەکانی ئایڤاڵک لە پارێزگای باڵکئەسیر، بەلەمێکی لاستیکی بەدیکرد کە نۆ کۆچبەری نایاسایی تێدابوو.
تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان کۆچبەرەکانیان دەستبەسەر کردن، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یۆنانەوە ناچار بە گەڕانەوە بۆ سنوورە ئاوییەکانی تورکیا کرابوون.
دوای تەواوکردنی رێککارە یاساییەکان و تەواوکردنی پشکنینی تەندروستی، کۆچبەران رادەستی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای باڵکئەسیر کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا لە 1ی کانوونی دووەم تاوەکو 31ی ئاداری ئەمساڵ، 5153 کۆچبەری نایاساییان لە دەریای ئیجە دەستبەسەر کردووە، کە بە گوتەی فەرماندەییەکە "لەلایەن یۆنانەوە بەزۆر رەوانەی سنوورە ئاوییەکانی تورکیا کراونەتەوە." هەروەها رێگرییان لە 2232 کۆچبەری دیکەش کردووە کە بە رێگای نایاسایی خۆیان بگەیەننە ئەوروپا.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، پارساڵ تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان 27 هەزار و 98 کۆچبەریان دەستبەسەر کردووە. ساڵی 2021یش 31 هەزار و 587 کۆچبەریان دەستگیر کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ