رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگەی ئەرکانی گشتیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا، هەوڵێکە بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی، سەقامگیریی وڵاتەکە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025 لە راگەیێندراوێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر کۆمەڵگەی ئەرکانی گشتیی سووریا کرد.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتەکەدا هاتووە: "دوای دەستوەردانە سەربازییەکانی لە باشووری سووریا، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندی دیمەشق، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ تێکدانی هەوڵەکانی سووریا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، سەقامگیری و ئاسایش''.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، گەلی سووریا لەبەردەم ''دەرفەتێکی مێژووییدایە'' بۆ ئەوەی ئاسایش و ئاشتی لە وڵاتەکەی بەرقەرار بکات. وەزارەتەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کردووە، ''ئەو دەرفەتە مێژووییە بقۆزنەوە و پشتگیری لە هەوڵەکانی حکومەتی سووریا بکەن بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری''.
ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتەکە لە کاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمەڵگەی ئەرکانی گشتیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریای لە دیمەشق بۆردوومان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ