رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە چوارچێوەی زنجیرە سەردانەکانیدا بۆ لای پارتە سیاسییەکان، رۆژی دووشەممە سەردانی جەهەپە دەکات و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی دەم پارتی، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و فایق ئۆزگور ئەرۆڵ، کاژێر 12:00ـی رۆژی دووشەممە 22ی کانوونی یەکەم، لە بارەگای گشتیی جەهەپە لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە کۆدەبنەوە.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا لە چوارچێوەی پەیوەندییە سیاسییە بەردەوامەکاندا، باس لەو قۆناخە بکرێت کە پرۆسەکە پێی گەیشتووە و هەردوولا بیروڕا لەوبارەیەوە ئاڵوگۆڕ بکەن.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە ماوەی رابردوودا درێژەی بە دیداری پارتە سیاسییەکان داوە و لەو چوارچێوەیەدا؛ لە بارەگای گشتیی پارتی ئاییندە لەگەڵ ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆکی ئەو پارتە کۆبوونەوە.
هەروەها دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا پێشوازی لە شاندەکە کرد. هاوکات لەگەڵ عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دێڤا کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.
شاندەکە پێشتریش زیاتر لە جارێک لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئاکپارتی کۆبوونەتەوە.
بەم سەردانەی جەهەپە، شاندی ئیمراڵی یەکێکی دیکە لە وێستگە گرنگەکانی گەڕەکەی بۆ لای پارتە سیاسییەکان تەواو دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ