رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دووەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی دیاریکردنی کەمترین مووچە لە تورکیا بەڕێوەبچێت، بەڵام دیاریکردنی مووچەی ساڵی داهاتوو بەبێ بەشداریکردنی نوێنەرانی کرێکاران بەردەوام دەبێت.
گۆڕانکاری لە کەمترین مووچە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ملیۆنان کرێکار دەبێت و بەشێوەیەکی بەرفراوانیش وەک پێوەرێک بۆ دیاریکردنی مووچەی کەرتی تایبەت سەیر دەکرێت.
بڕیارەکە کاریگەریی گەورەی لەسەر هەڵاوسان، تێچووی کار و بڕیارەکانی داهاتووی ڕێژەی سوود دەبێت.
کرێکاران بایکۆتیان کردووە
کۆبوونەوەی یەکەم کە رۆژی هەینی رابردوو بەڕێوەچوو، تێیدا بەرپرسانی حکومەت و نوێنەرانی یەکێتیی خاوەنکاران ئامادەبوون. بەڵام یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی تورکیا (Türk-Iş) کە نوێنەرایەتیی کرێکاران دەکات لە لیژنە سێقۆڵییەکەدا، جەختی کردەوە کە بەشداری لە دانوستاندنەکاندا ناکات.
رەمەزان ئاغار، جێگری سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی تورکیا رایگەیاند: "ئێمە لەسەر مێزی گفتوگۆ نین و هیچ کەسێک لەگەڵمان دانەنیشتووە. ئێمە لە هەمان خاڵداین و بەشداری لە کۆبوونەوەکان ناکەین."
پێشتریش ئەو یەکێتییە ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیبوو لەبارەی پێکهاتەی کۆمیسیۆنەکە کە لە 15 ئەندام پێکدێت (پێنج نوێنەری حکومەت، پێنج خاوەنکار و پێنج کرێکار).
چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە تەرخان بکرێت بۆ خستنەڕووی داتاکانی ئابووری و داواکاریی لایەنەکان. بەرپرسانی وەزارەتی دارایی، وەزارەتی بازرگانی و دەزگای ئاماری تورکیا راپۆرت و هەڵسەنگاندنەکانیان پێشکێشی کۆمیسیۆنەکە دەکەن.
ڤیدات ئیشکهان، وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی تورکیا لە پەرلەمان بە رۆژنامەڤانانی گوت: "زۆر زووە باسی ژمارە بکەین، چونکە پێویستە بۆچوونی هەموو لایەنەکان وەربگرین و لەنێو کۆمیسیۆن هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین." گوتیشی حکومەت لە پەیوەندیی کراوەدایە لەگەڵ هەموو سەندیکاکان.
لەلایەکی دیکەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە خاوەنکاران کردووە "نەرمی" بنوێنن و بەڵێنی داوە رێگە نەدەن خێزانەکان "بەهۆی هەڵاوسانەوە بگوشرێن".
کەمترین مووچە لە تورکیا بۆ ساڵی 2025 بە رێژەی 30٪ زیادکرا و گەیشتە 22 هەزار و 104 لیرە. زۆربەی ئابووریناسان پێشبینی دەکەن بۆ ساڵی 2026 مووچەکە بە رێژەی 25٪ زیاد بکرێت. بانکی HSBCـیش پێشبینی دەکات رێژەی زیادکردنەکە 20٪ بێت.
هەڵاوسانی ساڵانە لە تورکیا لە مانگی تشرینی دووەمدا بۆ 31.1٪ دابەزی، کە نزمترین ئاستە لە چوار ساڵی رابردوودا. ئامانجی بانکی ناوەندی ئەوەیە لە کۆتایی 2026 هەڵاوسان دابەزێنێت بۆ 16٪.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ