رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، بە تاوانی هەڕەشەکردن لە سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی ئیستەنبووڵ، بە 18 مانگ بەندکردن سزادرا، هەروەها سیاسەتکردنی لێ قەدەخە کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی تەممووزی 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، لە چوارچێوەی دۆسیەی ئاکن گورلەک، سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی ئیستەنبووڵ، چووە بەردەم دادگە.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو تۆمەتی "ئاشکراکردنی ناوی داواکاری گشتیی لە پرسی لێکۆڵینەوە لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی، هەڕەشەکردن لە دادوەری دەوڵەت" و "هاندانی خەڵک بۆ دژایەتیکردنی دامەزراوەی دادی تورکیا"ـی خراوەتە پاڵ.
دادگەییکردنەکە لە یەکەمین دادگەی سزاکانی سیلیڤری لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پارتەکەی ئامادەی دانیشتنەکە بوون.
لە پرۆسەی دادگەییکردنەکەدا ئیمامئۆغڵو رەخنەی تووندی لە دادگە گرتبوو بەهۆی گواستنەوەی دادگەییکردنی لە دادگەکانی سینجان-ـەوە بۆ سیلیڤری. هەروەها گرژی لە نێوان ئیمامئۆغڵو و داواکاری گشتیی روویدا و بەهۆیەوە کاژێرێک دادگەییکردنەکە دواخرا.
دوای دەستپێکردنەوەی دانیشتنی دادگە، دەستەی دادوەران بە تۆمەتی سووکایەتی بە داواکاری گشتیی بە ساڵێک و 5 مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردن و بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە دادوەری دەوڵەت بە دوو مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردن سزادا. هاوکات تۆمەتی "ئاشکراکردنی ناوی داواکاری گشتیی لە پرسی لێکۆڵینەوە لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی" و "هاندانی خەڵک بۆ دژایەتیکردنی دامەزراوەی دادی تورکیا" هەڵوەشاندەوە و بڕیاری بێتاوان بوونی بۆ دەرچوو.
هەروەها بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دەستەی دادگا بڕیاردرا ماددەی 53ی یاسای سزادانی تورکیا جێبەجێ بکات، کە تایبەتە بە "بێبەشکردن لە بەکارهێنانی هەندێک ماف"، ئەمەش بە واتای سەپاندنی قەدەخەی سیاسی دێت بەسەر ئیمامئۆغڵو.
رۆژی 19ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 106 کەس کە زۆربەیان سەرۆک و ئەندامانی شارەوانییەکانی جەهەپە بوون بە تۆمەتەکانی "پاڵپشتیکردن لە تیرۆر، گەندەڵی دارایی، بەرتیلدان و وەرگرتنی بەرتیل، دەستوەردان لە تەندەرەکانی دامەزراوە گشتییەکان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات" دەستگیرکران.
رۆژی 23ـی مانگ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 48 کەسی دیکە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا و رەوانەی گرتووخانەی سزاکانی سیلیڤری لە ئیستەنبووڵ کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ