رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکردن: کۆسار عوسمان و فەردی ساک
دوای زیاتر لە سێ مانگ ناکۆکیی نێوانیان، بازرگانێکی کوردی خەڵکی زاخۆ بە ناوی رزگار حەسەن تەیب ناسراو بە رزگار ساک، شێف بوراک و باوکی ئاشتکردنەوە و هەردوولا بڕیاریاندا کێشەکانیان کۆتایی پێ بهێنن.
ئەو شێفەی بە دەم خەندەوە خواردن ئامادە دەکات کە بە شێف بوراک ناسراوە، لەگەڵ باوکیدا تووشی کێشە بوون و رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوراک باسی لە پێشهاتەکان و کێشەکە دەکرد. ئەو شێفە کە محەممەد بوراک ئۆزدەمیر ناوە تەواوەکەیەتی، باوکی تۆمەتبار دەکرد بەوەی گوایە فێڵی لێکردووە.
بازرگانێکی کوردی خەڵکی زاخۆ بە ناوی رزگار حەسەن تەیب بووەتە نێوەندگیر و شێف بوراکی لەگەڵ باوکی ئاشتکردەوە.
رزگار حەسەن لەبارەی ئاشتکردنەوەی شێف بوراک و باوکی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ بوراک و باوکی لە چەند کارێکدا هاوبەشن و ئەو ناکۆکی و کێشانە ئاستەنگیان لەبەردەم کاروباری گرووپی کۆمپانیاکانی دایڤزیش دروست دەکرد. دایڤز لەلایەن رزگارەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
رزگار حەسەن هەروەها گوتی، "سەرەتا ناکۆکی لە نێوان شێف بوراک و باوکی دروستبوو. دواتر پەیوەندییەکانیشیان پچڕان. ئێمە چووینە نێوانیان و کێشەکانمان چارەسەر کرد و سەرکەوتوو بووین لە ئاشتکردنەوەیان. ئێمە هاوبەشی کارین لەگەڵیاندا؛ بۆیە ئەو ناکۆکییانە کێشەی زۆریان بۆ دروستکردبووین."
بابەتەکە لە میدیای ناوچەکەدا دەنگی داوەتەوە و لەو بارەوە رزگار حەسەن بە رووداوی گوت، "ماوەی 20 رۆژ لە هەوڵدابووم بۆ ئەوەی لە یەکدییان نزیک بکەمەوە؛ دواجار لە هۆتێلێکدا ئاشتمکردنەوە. لەو کاتەدا گرووپێکی یەمەنی هاتنە ئەو هۆتێلە و وێنەیان لەگەڵ گرتن."
بازرگانە زاخۆییەکە هەروەها گوتی، لە نێوەڕاستی مانگی داهاتوودا لە ئیستەنبووڵ رێوڕەسمێک هەیە و لەوێ لەگەڵ شێف بوراک و باوکی بەشدار دەبن و روونکردنەوەی زیاتریش دەدەن.
رزگار حەسەن، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی (Dives)ـە و لە چەندین کاری بازرگانیدا هاوبەشی براندی (CZN)ی بوراکە.
چی روویدابوو؟
نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر شێف بوراک رایگەیاند، باوکی فێڵی لێکردووە و دەیەوێت رێگری لە بەرەوپێشچوونی بکات؛ باسی لەوە دەکرد دوای ئەوەی بەڵێنیداوە هاوکاری زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە بکات، باوکی رێگری لێکردووە. ئەو کاتە باوکی شێف بوراک کوڕەکەی لە تەواوی سەروەتەکەی بێبەش کرد. هەربۆیە بوراک بڕیاریدا ئۆتۆمبیلەکانی بفرۆشێت و خواردنگەیەکی نوێ بکاتەوە. باوکیشی دەستی کرد بە فرۆشتنی ناوی براندەکەیان. ئێستا چەندین خواردنگە بە تابلۆی شێف بوراک CZN خواردن پێشکێش دەکەن. شێف بوراک سکاڵای یاسایی دژی باوکی تۆمارکرد و دۆسیەکەیان گەیشتە دادگە. بوراک رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو دەکردەوە و باسی لەوە دەکرد کە باوکی ستەمی لێکردووە.
لە بەرامبەردا ئیسماعیل ئۆزدەمیر کە باوکی شێف بوراکە رایگەیاند، "بە هیچ شێوەیەک فێڵم نەکردووە و هاوکارییە مرۆییەکانی کوڕەکەم تەنیا بۆ ریکلام بوون. کوڕەکەم دایکی لە دژی من بەکاردەهێنێت و دەیەوێت لە منی بکاتە دوژمن."
بنەماڵەی شێف بوراک خەڵکی شاری هاتای باشووری تورکیان. لەکاتی بوومەلەرزەکەی شوباتی ئەمساڵدا شێف بوراک کۆمەک و هاوکاریی زۆری لێقەوماوانی کرد.
رزگار حەسەن تەیب کێیە؟
- بازرگانێکی کوردە و خەڵکی زاخۆیە.
- رۆژی 20-10-1976 دایکبووە.
- خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی دایڤزە.
- لە خۆراک، وەرزش و چەند کەرتێکی دیکەدا بازرگانی دەکات.
- لە هەولێر، دوبەی، ئیستەنبووڵ، دەوحە و زۆر شوێنی دیکە بازرگانی دەکات.
- باوکی سێ منداڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ