هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: ئیدی کاتی کردارە

16-08-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت: ''ئێستا کاتی کردارە. کاتی ئەوە هاتووە چارەسەرێک بنیات بنرێت کە تەواوی 85 ملیۆن کەسەکە لەخۆبگرێت''.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، چەکدانانە سیمبوولییەکەی 30 گەریلاکەی پەکەکە لە 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ، پرۆسەی چارەسەری بردە قۆناخێکی ''جیاواز'' و ئێستا بەرپرسیارێتی لەئەستۆی حکومەتی تورکیایە هەنگاو بۆ بەرەوپێشبردنی بنێت.
 
باکرهان گوتیشی: ''ئێستا کاتی کرداره، کاتی ئەوە هاتووە چارەسەرێک بنیات بنرێت کە تەواوی 85 ملیۆن کەسەکە لەخۆبگرێت. بە جۆرێک، جیاکاری لەنێوان هیچیاندا نەکرێت و هەمووان وەک هاووڵاتیی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. نابێت ئەم هەلە مێژووییە لەدەست بدرێت''.
 
بە گوتەی هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە دوای چەکدانانە سیمبوولییەکەی گەریلاکانی پەکەکە، ''پشتیوانیی بۆ پرۆسەکە لە زیادبووندایە. باوەڕ بکەن؛ هەر قسەیەکی راست، هەر هەڵوێستێکی بەجێ، هەر کەسێکی سەرڕاست، بەشدارییەکی گەورە لە زیادبوونی پشتیوانی بۆ پرۆسەکە دەکات''.
 
1ـی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێ، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5ـ-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
 
هەروەها لیژنەی ''هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە