لیژنەی پڕۆسەی چارەسەریی پەرلەمانی تورکیا: گوێ لە دایکانی ئاشتی دەگیرێ

16-08-2025
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانیدا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی پرۆسەی چارەسەری، لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ چەندین لایەنی جیاواز کۆدەبێتەوە کە دیارترینیان دایکانی ئاشتی، دایکانی شەممە و دایکانی ئامەدن. 
 
بڕیارە لیژنەکە کاژێر 14:00ـی رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە (19 و 20ـی ئاب) لە هۆڵی رێوڕەسمەکانی پەرلەمانی تورکیا کۆبێتەوە و گوێ لە داواکاری و سەرنجی چەندین رێکخراو و کەسایەتی بگرێت.
 
رۆژی سێشەممە 19ـی ئاب، ماهینوور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا گوتارێک پێشکەش دەکات. دواتر نوێنەرانی ژمارەیەک کۆمەڵە و دامەزراوە قسە دەکەن. پاشان، لیژنەکە گوێ لە دایکانی ئامەد دەگرێ.
 
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئاب، لیژنەکە لەگەڵ دایکانی شەممە و دایکانی ئاشتی کۆدەبێتەوە. دواتریش، نوێنەرانی هەریەک لە دامەزراوەی ماف و ئازادییەکان و یارمەتییە مرۆییەکان (IHH)، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (İHD)، کۆمەڵەی هاودەنگی بۆ مافی مرۆڤ و ستەملێکراوان (MAZLUMDER) و دامەزراوەی مافی مرۆڤی تاهیر ئەڵچی بەشدار دەبن و بۆچوونەکانیان دەخەنەڕوو.
 
دایکانی ئاشتی بریتییە لە زاراوەیەک بۆ دایکانی گەریلاکان و لە ساڵی 1999 وەک دەستپێشخەرییەک بۆ راگرتنی شەڕ دامەزرا. 

 

دایکانی شەممە لە 1996ـەوە رۆژانی شەممە لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەڕای لە ئیستەنبووڵ کۆدەبنەوە و دایکی ئەو کەسە بێسەروشوێنانەن لە رووداوەکانی بکوژی نادیار رۆڵەکانیان لەدەستداوە. دایکانی ئامەد لە 2019ـەوە لەبەردەم بارەگای هەدەپە لە ئامەد کۆدەبنەوە و دایکی ئەو گەریلایانەن دەڵێن پەکەکە رۆڵەکانی رفاندوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە