رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئوچوم، راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا، بە نووسینی گوتارێکی شیکاری، گرنگیی یاسای ژمارە 1239ی ساڵی 1928 دەخاتەڕوو، وەک نموونەیەکی مێژوویی کە دەتوانێت ببێتە ئیلهامێک بۆ "پرۆسەی پەڕینەوە بۆ تورکیای بێ تیرۆر".
ئەم پێشنیازە، کە تیشک دەخاتە سەر گرنگیی رێکخستنێکی یاسایی بۆ چەکدانان و گەڕاندنەوەی ئارامی، لە کاتێکدایە چاوەڕوانییەکان بۆ هەنگاوی کردەیی لەم پرۆسەیەدا لە ئارادایە. ئوچوم جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت سەرنج لەسەر خاڵە ئەرێنییەکان بێت و لەبەردەم هەوڵەکانی تێکدان و گێرەشێوێنی بوەستن.
ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆماری تورکیا چەند جارێکی دیکەش لە گوتار و لێدوانەکانی دا ئاماژەی بە دەستەواژەی "پرۆسەی پەڕینەوە" داوە و باسی پەڕینەوەی تورکیا لە قۆناخێک بۆ قۆناخێکی دیکە دەکات.
چاوەڕوانییەکان لە پڕۆسەی پەڕینەوەدا
ئوچوم لەسەر وردەکاریی پرۆسەکە دەڵێت: "وەک دەردەکەوێت، پڕۆسەی پەڕینەوە بۆ تورکیای بێ تیرۆر، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و بەبێ لادان لە پرەنسیپ، بەردەوامە. پێمانوایە ئێستا گەیشتووینەتە قۆناخێک کە چاوەڕوانی هەنگاوی نوێ دەکرێت".
محەممەد ئوچوم پێیوایە، بە لەبەرچاوگرتنی چەند خاڵێک کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و دەهێنرێنە ئاراوە، هەنگاوە چاوەڕوانکراوەکان بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی پەڕینەوە دەنرێن و ئاماژەی بە خاڵەکان کردووە:
- پەرلەمانی تورکیا بڕیارێک لەبارەی گوێگرتن لە ئیمراڵی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بدات.
- هەنگاوی پێویست بۆ ئەوەی دایکانی دیاربەکر بە رۆڵەکانیان شاد ببنەوە.
- فراوانکردن و پەرەپێدانی پراکتیکەکانی چەکدانان و بەرەوپێشچوون لەم بابەتەدا.
- پشتڕاستکردنەوەی کرداری و هەنگاوی کارگێڕی لەبارەی کۆتاییهاتن بە گرووپە تیرۆریستییە هەڵوەشاوەکان و چەکدانان.
- نووسینی راپۆرتی یاسایی لەبارەی پڕۆسەی پەڕینەوە لەلایەن کۆمیسیۆنەکە.
- خستنەڕووی دیدگەی پەرەپێدانی دیموکراسی لەلایەن کۆمیسیۆنەکەوە لە راپۆرتێکدا.
- لە سووریادا؛ هەنگاوی بەهێزتر بنرێت کە خزمەت بە یەکگرتنی وڵاتەکە بکات و ئەمە ئامانجی بێت.
سەرنج خستنەسەر خاڵە ئەرێنییەکان و لەنێوبردنی نەرێنییەکان
لە بەشێکی گوتارەکەیدا، محەممەد ئوچوم سەرنجی خستووەتە سەر ئەو لایەنانەی پرۆسەکە بە ناشرینی نیشان دەدەن و دەڵێ: "لەوانەیە پەرەسەندنی یاسایی و سیاسی جۆراوجۆر هەبن کە رۆڵی ئەرێنییان لە پڕۆسەی پەڕینەوەدا هەیە. هەموو ئەمانە پێکەوە دەبینین. بێگومان، لەم پڕۆسەیەدا وەک لە سەرەتاوە جەختی لەسەر کراوەتەوە، هۆشیاربوون لە تێکدان و گێرەشێوێنیی فیکری و کردەیی زۆر گرنگە. سەرەڕای ئەوەی ماوەی ساڵێک زیاترە پێشکەوتنی زۆر گرنگ لە پڕۆسەی پەڕینەوە بۆ تورکیای بێ تیرۆردا کراوە، بەڵام هەندێک شێوازی مامەڵەکردن دەبینرێت کە هەوڵدەدەن لە بەهای پڕۆسەکە کەم بکەنەوە. بە هیچ شێوەیەک نابێت بایەخیان پێبدرێت".
پرۆسەی چارەسەری ئەگەرچی بە شێوەیەکی خاو بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پچڕانێک رووینەداوە. بەتایبەتی کورد و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەن خێرایی بە پرۆسەکە بدات.
ئوچوم لەمبارەیەوە نووسیویەتی: "درێژبوونەوەی کات بە هۆکاری جیاواز لە پرۆسەکەدا روودەدات. بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت ئەمە بەو مانایە لێکبدرێتەوە کە پڕۆسەی پەڕینەوە پێشنەکەوتووە یان سەرکەوتوو نابێت. هەموو لایەنە ناحەز و شاراوەکانیش ئەمە دەقۆزنەوە و مەبەستیان تێکدانی پڕۆسەی پەڕینەوەیە، دەبێت لە هەموو ژینگەیەکدا رووی راستەقینەیان نیشان بدرێت. ئەم قۆناخی پەڕینەوەیە پراکتیکێک بەرهەم دەهێنێت کە هیواکان زیاتر دەکات و گەشبینیش بەهێزتر دەکات. تاکە شتێک کە دەبێت دڵنیا بین لێی ئەمەیە".
نموونەیەک لە مێژووی کۆمار: یاسای ژمارە 1239
ئەو راوێژکارەی رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی یاسایەکی 1920ــەکان دەکات کە جێبەجێکراوە و بە سەرنجڕاکێش وەسفی دەکات.
ئوچوم دەڵێت: "لە ساڵی 1925 و دواتر، دوای چەندین رووداوی تاوانکاری دژی دەوڵەت، یاسایەک لە پەرلەمانی تورکیا بە ناوی 'یاسای ژمارە 1239 سەبارەت بە دواخستنی لێکۆڵینەوە و سزا تاوانکارییەکان لە هەندێک پارێزگا و قەزا لە ناوچەی رۆژهەڵات' دەرکرا. یاساکە رۆژی 14ی ئایاری 1928 رۆژنامەی فەرمی دا بڵاوکرایەوە".
ئەم پێشنیازەی محەممەد ئوچوم لەکاتێکدایە پرۆسەی چارەسەری زۆر پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە، بەتایبەتیش لە بابەتی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
سەبارەت بە وردەکاریی یاساکە، ئوچوم گوتی: "ئەم یاسایە یەکێکە لە یەکەمین یاسا جێبەجێکراوەکان لە مێژووی کۆمارماندا، لەڕووی پێداویستییە یاساییە کاتییەکانەوە. لە تۆماری لیژنەی دادپەروەری سەبارەت بە یاساکە، سەرەتا جەخت لەوە کراوەتەوە لێبووردنێکی گشتی نەکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئامانجی چاوەڕوانکراو لە یاسا کارپێکراوەکاندا بەدەست نەهاتووە، رێکخستنێکی تایبەت بە گونجاو زانراوە. بەگوێرەی ئەمە، ئامانجی یاساکە بریتی بووە لە لێبووردن لەو رۆڵانەی نیشتمان کە بە گوێرەی یاسا بە هەڵاتوو دەبینرێن. جا بەهۆی رووداوە تایبەت و نائاساییەکان بێت یان هۆکاری دیکە بێت، لە رێگەی راست لایانداوە، بەڵام رێزیان لە کۆمار گرتووە. ئەوانە دەتوانن سوود بە وڵات بگەیەنن".
راویژکارەکەی سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کردووە، بەگوێرەی ئەو یاسایە کە لە 6 مادە پێکدێت، لێکۆڵینەوە و جێبەجێکردنی سزاکان بۆ ئەو کەسانەی لە رووداوەکان تێوەگلاون و ئەوانەش کە لە ماوەی نێوان سەرەتای ئەو رووداوانە و 27ی تشرینی دووەمی 1927 لە پارێزگا و قەزا دیاریکراوەکانی ناو یاساکە تاوان و سەرپێچییان کردووە، دواخراوە".
هەروەها ئەو تۆمەتبار و سزادراوانەی کە ئێستا بەگوێرەی یاسا بە هەڵاتوون دەبینرێن، "لە دەرچوونی یاساکەوە تا سێ مانگ داواکارییان پێشکەش کردووە، لە دواخستنەکە سوودمەند دەبن".
محەممەد ئوچوم هەروەها دەڵێت: "دەرکردنی یاسایەکی ساڵی 1928 کە تاک، تایبەت و کاتییە لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە وەک پێویستییەک، وەک سیاسەتێکی یاسایی گرنگ لە مێژووی کۆمارماندا جێگەی خۆی گرتووە. ئەم ئەزموونە، لانیکەم بۆ نزیکبوونەوەیەکی یاسایی، ئەمڕۆ لە پڕۆسەی پەڕینەوەدا دەتوانێت ببێتە ئیلهامێک".
راوێژکارەکەی سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆتایی گوتارەکەیدا لە ژێر تایتڵی 'ئەنجام' نووسیویەتی: "بێگومان، رووداوەکانی ساڵی 1925 و بارودۆخەکانی دوای ئەوە، لە چوارچێوەی خۆیاندا هەڵدەسەنگێنرێن. بارودۆخی ئەمڕۆ، تایبەتمەندیی تەواو جیاوازی هەیە. هەروەها، ناتوانرێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە ئەزموونێکی یاسایی مێژوویی بە هەمان شێوە بۆ ئەمڕۆ ببێتە نموونە. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنیا بۆ سەلماندنی ئەوەی کە لە مێژووی کۆمارماندا ئەو قۆناخانە هەبوون کە پێویستیان بە یاسای پڕۆسەی پەڕینەوە هەبووە و پەرلەمان وەڵامی ئەو پێویستیانەی داوەتەوە، ئاماژەدان بە یاسای ژمارە 1239 مانادارە".
محەممەد ئوچوم هەروەها رایگەیاندووە هیچ گومانێکی لەوە نییە ئەگەر پەرلەمان دەست بداتە ئەم کارە، یاساکەی 1928 بە باشترین شێواز لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆ رێکدەخات و دەیگونجێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ