رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپرسییەک کە لەلایەن کۆمپانیای ئۆرک لە تورکیا کراوە، ئەگەر هاوپەیمانی میلـلەت فراوان بکرێت کە لە جەهەپە و ئیی پارتی پێکهاتووە، ئەوا رێژەی دەنگەکانی ئەو هاوپەیمانییە دەگاتە 48%.
کۆمپانیای ئۆرک (ORC) ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی شوباتی 2022 لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەنجامی راپرسی مانگی شوباتی ئەمساڵی بڵاوکردەوە.
راپرسییەکە لە رۆژانی 8 - 13ـی شوباتی 2022 لە 41 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کراوە، لەڕێگەی دیداری راستەوخۆوە پرسیار لە 5 هەزار و 130 کەس کراوە، ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت دەنگ بە کام پارتە دەدەیت؟.
ئەنجامی راپرسییەکە دەریخستووە، رێژەی دەنگەکانی هاوپەیمانیی میلـلەت کە لە جەهەپە و ئیی پارتی پێکهاتووە گەیشتووەتە 39.2%، بەڵام ئەو شەش پارتەی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا، کە لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆکەکانیان بۆ یەکەمین جار لە ئەنقەرە کۆبوونەوە، ئەگەر هاوپەیمانی پێکبهێنن و هاوپەیمانیی میلـلەت فراوان بکرێت، ئەوا رێژەی دەنگەکانی ئەو هاوپەیمانییە دەگاتە 48%.
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکە دەنگی پارتی داد و گەشەپێدان -ئاکپارتی 30%، پارتی گەلی کۆماریی -جەهەپە 24.1%، ئیی پارتی 15.1%، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی -مەهەپە 9.4%، پارتی دیموکراتی گەلان -هەدەپە 8.1%، پارتی ئایندە 4.2%، پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی 2.6%، پارتی سەعادەت 1.5% و پارتی دیموکرات 0.5% دەبێت.
هەر بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە، رێژەی دەنگەکانی هاوپەیمانی جمهوور کە لە ئاکپارتی و مەهەپە پێکهاتووە 39.4% ـە، ئەو ژمارەیە زۆر نزیکە لە رێژەی دەنگی هاوپەیمانی میلـلەتی جەهەپە و ئیی پارتی کە 39.2%ـە. لە ئەگەری فراوانکردنی هاوپەیمانی میلـلەت بۆ شەش پارتی سیاسی، (جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە، پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی و پارتی دیموکرات) کۆی دەنگی ئەو هاوپەیمانییە بۆ 48% بەرزدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ