رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گرەوی نایاسایی (قومار) لەسەر یارییەکانی تۆپی پێ لە تورکیا، دەست بەسەر یانەی دیاربەکرسپۆری ئامەددا گیرا.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی شوباتی 2026 تیمەکانی هۆبەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ، بە سەرپەرشتیی داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنادۆڵ لە ئیستەنبووڵ، ئۆپەراسیۆنی "گرەوی نایاسایی لەسەر یارییەکانی تۆپی پێ"یان لە پێنج پارێزگا کرد.
لە چوارچیوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا لە پارێزگاکانی ئامەدی باکووری کوردستان و ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر و هاتای تورکیا کرا، دەست بەسەر یانەی دیاربەکرسپۆردا گیرا، هەروەها دەست بەسەر سێ کۆمپانیا، شەش ئۆتۆمبێل، سێ ماتۆڕسکیل، حەوت باڵەخانە، شەش پارچە زەوی و کارگەیەکدا گیرا و 8 کەس دەستبەسەرکران، یەکێکیان سەرۆکی پێشووی یانەی دیاربەکرسپۆرە.
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان فەوزی ئیلهانلی، سەرۆکی پێشووی یانەی دیاربەکرسپۆر و بەڕێوەبەرانی یانەکە بۆ گرەوی نایاسایی لەسەر یارییەکانی تۆپی پێ ماڵپەڕێکیان دروستکردووە و قوماریان کردووە و ئەو پارانەی لە قومارەوە دەستکەوتوون، لە رێگەی هەژماری بانکیی کەسانی دیکەوە گوێزراونەتەوە.
دیاربەکرسپۆر، لە وەرزی 2025-2026 لە خولی پلە 3ـدا یاریی دەکرد، یانەکە بە 25 خاڵ لە پلەی 11ـەمدا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ