رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی باڵای سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، ئەو پێناسەیەی بۆ مافی هیوا دەکرێت کە لە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاوە وەرگیراوە، بە واتای ئازادکردنی مەرجدار دێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی شوباتی 2026 محەممەد ئوچووم، گەورە راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا و جێگری سەرۆکی دەستەی سیاسەتە یاساییەکان، گوتارێکی لەبارەی "مافی هیوا"وە بڵاوکردەوە.
ئوچووم، لە گوتارەکەیدا بە ناونیشانی "مافی هیوا وەکو دەربڕینێکی دیکەی سوودمەندبوون لە ئازادکردنی مەرجدار"دا رایگەیاندووە، "ئەو بابەتەی وەکو مافی هیوا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، وەکو ئەوەی پێشتر لەلایەن کەسانی پەیوەندیدارەوە بە وردی روونکراوەتەوە، دەرفەتێکی ئازادکردن نییە کە تایبەت بێت بە کەسێک یان بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری رێکخراوی هەڵوەشاوەی تیرۆریستیی پەکەکە."
ئوچووم رایگەیاندووە، پێناسەی مافی هیوا لە چوارچێوەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاشدا بە واتای ئازادکردنی مەرجدار بەکارهاتووە.
ئەو راوێژکارە باڵایەی ئەردۆغان دەڵێ، دامەزراوەیەکی یاسایی جیاواز نییە لە ئازادکردنی مەرجدار جیاواز بێت و "پێی بگوترێت مافی هیوا" و نووسیویەتی: "سەرەتا با ئاماژەی پێبکەین، ئەو بابەتەی وەکو مافی هیوا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، وەکو ئەوەی پێشتر لەلایەن کەسانی پەیوەندیدارەوە بە وردی روونکراوەتەوە، دەرفەتێکی ئازادکردن نییە کە تایبەت بێت بە کەسێک یان بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری رێکخراوی هەڵوەشاوەی تیرۆریستیی پەکەکە. مافی هیوا راستەوخۆ ئازادکردنیش مسۆگەر ناکات. مافی هیوا، بە هیچ شێوەیەک جێبەجێکردنی لێبووردنیش نییە. لەوەش گرنگتر، مافی هیوا مافێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو دەربڕینێکی دیکەی دەرفەتی ئازادکردنی مەرجدارە."
محەممەد ئوچووم لە درێژەی گوتارەکەیدا دەڵێ: "ئەو پێناسەیەی بۆ مافی هیوا دەکرێت کە لە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاوە وەرگیراوە، بە واتای ئازادکردنی مەرجدار دێت. دامەزراوەیەکی یاسایی جیاواز نییە کە لە ئازادکردنی مەرجدار جیاواز بێت و پێی بوترێت مافی هیوا. لە یاساکانی ئێمەشدا پێناسەی مافی هیوا بەکارناهێنرێت. چەمکی ئازادکردنی مەرجدار جێی کراوەتەوە."
ئوچووم دەڵێ، ئەوەی هەندێک نووسەر بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا وەکو مافی هیوا باسی دەکەن، جێگەی مشتومڕە کە تاوەکو چەند دروستە. ئازادکردنی مەرجدار، زیاتر لەوەی مافێک بێت کە بە سزادراوان درابێت، لانیکەم لە سەرەتادا دەرفەتێکی یاساییە. چونکە ئازادکردنی مەرجدار وەکو مافێک راستەوخۆ ناکەوێتە کار. مەرجەکانی جێبەجێبوونی بە تەواوی پەیوەستە بە سزادراوەکەوە. ئەوانیش بریتین لە بەسەربردنی کەمترین ماوەی سزای دیاریکراو لە یاسادا و هەبوونی رەفتاری باش لەو ماوەیەدا.
محەممەد ئوچووم نوسیویەتی: "ئەو سزادراوانەی لە ئەگەری فراوانکردنی ئازادکردنی مەرجداردا، کە وەکو مافی هیوا باسی لێوە دەکرێت، دەکەونە چوارچێوەکەوە، بریتین لە:
ئەوانەی کە بە تاوانی رێکخراوەیی دژی ئاسایشی دەوڵەت، سیستمی دەستووری و بەرگریی نیشتمانی سزای زیندانیی هەتاهەتایی توندکراویان بەسەردا سەپێنراوە،ئەو تاوانبارانەی تیرۆر کە لە رابردوودا سزای لەسێدارەدانیان گۆڕدراوە بۆ زیندانیی هەتاهەتایی یان زیندانیی هەتاهەتایی توندکراو،ئەوانەی کە وەکو تاوانباری تیرۆر سزای زیندانیی هەتاهەتایی توندکراویان بەسەردا سەپێنراوە.
ئوچووم ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر پەرلەمانی تورکیا، کە خاوەنی ئیرادە و دەسەڵاتی تەواوە لەم بوارەدا، رێکخستنێک بکات بۆ فراوانکردنی چوارچێوەی ئەو سزادراوانەی کە دەتوانن سوود لە ئازادکردنی مەرجدار وەربگرن، ئەوا ئۆجەلانیش دەکەوێتە ئەم چوارچێوەیەوە و ئەم رێکخستنە بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتی پەرلەمانی تورکیادایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ