رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێ، یەک ملیۆن و 366 هەزار و 215 هاووڵاتی سووریا بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا، رۆژی سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026 لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێش کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ چەندین پرس کرد.
مستەفا چیفتچی ئاماژەی بەوەدا، کۆچی نایاسایی یەکێکە لە مەترسیدارترین هەڕەشە ئەمنییەکان لەسەر ئاستی جیهان و رایگەیاند، تورکیا بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە لەسەر هێڵی رۆژهەڵات-رۆژئاوا و باکوور-باشوور دەکەوێتە سەر رێڕەوێکی کاریگەری کۆچ. لەبەر ئەوەش پێویستە سیاسەتێکی کۆچی ورد، وریاییانە و بەردەوام پەیڕەو بکرێت.
چیفتچی گوتی، رێزی مرۆڤیان کردووەتە بنەما لە بەرەنگاربوونەوەی کۆچدا و گوتی: "بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییمان بە شێوەیەکی بێ پچڕان بەردەوام دەبێت، بە تێگەیشتنێک کە رێز لە شکۆی مرۆڤ بگیرێ و زیان بە بەها باوەڕی و کولتوورییەکانمان نەگەیێنێت."
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی: "پشتیوانیکردنی کۆچبەران پێداویستییەکی بنەڕەتیی باوەڕی ئێمەیە. یارمەتیدانی ستەملێکراوان بەبێ جیاوازیی ئایین، رەچەڵەک و مەزهەب، سیاسەتی بنەڕەتیی بەڕێز سەرۆککۆمار و ئاک پارتیمانە."
چیفتچی رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ یەک ملیۆن و 366 هەزار و 215 هاووڵاتی سووریا بە شێوەیەکی خۆبەخشانە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان؛ هەروەها گوتی، ئەوانەی گەڕاونەتەوە "باڵیۆزی دڵسۆزیی نیشتمانەکەمانن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ