رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی کە هاوکات ئەندامێکی شاندی ئیمڕاڵیشە، تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە (جەڵتە لێیداوە) و لە نەخۆشخانەیە.
سری سورەیا ئۆندەر پێشتر نەخۆشیی دڵی هەبووە و لە رووداوێکەوە تووشی نەخۆشییەکە بووە.
سری سورەیا ئۆندەر فۆبیای فڕۆکەی هەیە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤانی کورد و هاوڕێی سری سورەییا ئۆندەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ساڵانێک لەمەوبەر، ئۆندەر بە فڕۆکە گەشتی کردووە، بەڵام لەنیوەی رێگە فڕۆکەکەیان تێکدەچێت و دەکەوێتە خوارەوە، لەو رووداوەدا هەموو سەرنشینەکان گیان لەدەستدەدەن، جگە لە سری سورەییا ئۆندەر."
بە گوتەی محەممەد ئەمین پێنجوێنی، لەدوای ئەو رووداوەوە ئۆندەر تووشی نەخۆشیی دڵ و فۆبیای فڕۆکە بووە.
ئەو سیاسەتڤانە کوردە و هاوڕێی سری سورەیا ئۆندەر باسی ئەوە دەکات کە چۆن زانیویەتی ئۆندەر فۆبیای فڕۆکەی هەیە. "چەند ساڵێک لەمەوبەر شاندێکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەردانی سلێمانییان کرد، بەڵام ئۆندەر چەند کاژێرێک دواتر گەیشت، کە هۆکاری دواکەوتنیم پرسی، گوتی من فۆبیای فڕۆکەم هەیە و هەموو گەشتەکانم بە ئۆتۆمبێل دەکەم."
لەبارەی تەندروستیی ئێستای سری سورەیا ئۆندەریش گوتی: "کاژێر 04:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی قسەم کرد، گوتیان تەندروستیی باشە و لە مەترسی دەرچووە."
نەخۆشییەکەی سری سورەیا ئۆندەر چییە؟
پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیەی سری سورەییای تێدایە گوتویانە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و پاشانیش جەڵتە لێی داوە.
ئێستا سری سورەیا ئۆندەر لە نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتنگەیڵە و نەشتەرگەری بۆ کراوە و لەژێر چاودێریی چڕدایە. پزیشکەکانی پێنج رۆژیان بۆ داناوە بۆ ئەوەی هەموو مەترسییەکان تێپەڕێنێت.
مەحسون قرمزیگول بۆ رووداو: کاکە سری کاکەی هەموومانە
مەحسون قرمزیگول، هونەرمەند و سینەماکاری تورکیا و باکووری کوردستان رۆژی پێنجشەممە 17-4-2025 لە ئیستەنبووڵ و لە بەردەم نەخۆشخانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاکە سری کاکەی هەموومانە و هیوامان ئەوەیە چی زووە چاکبێتەوە. دوایین جار بەبۆنەی کۆچی دوایی دایکم پەیوەندیی پێوەکردم".
مەحسون قرمزیگول کە کوردی زازای ئامەدە و پێشتریش زۆر جار پەیام و بەرهەمی ئاشتیخوازانەی بڵاوکردووەتەوە، لەبارەی ئەم پرۆسەیەی ئێستا هەیە کە سری سورەییا ئۆندەر سەرپەرشتیی دەکات، گوتی: "کاک سری هەمیشە لەگەڵ ئاشتیدا بووە، لەگەڵ برایەتی بووە. ئەو لەم بابەتەدا زیاتر هەستیارە. هەوڵی زیاتر دەدات و زۆر بەربەستی تێپەڕاندووە. زۆر جار کەوت، بەڵام زانی چۆن هەڵبستێتەوە. لەم پرۆسەیەی ئێستاشدا کاک سری رۆڵی زۆری هەبووە".
هونەرمەند مەحسون قرمزیگول بۆ رووداو: هیچ وڵاتیک هێندەی تورکیا کوژران و خەمی تێدا نییە pic.twitter.com/XqR8iU1qz6
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 17, 2025
قرمزیگول هەروەها هیوای خواست رۆژێک ئاشتی بەرقەرار بێت و سری سورەییا ئۆندەریش بە تەندروستییەوە بیبینێت. گوتیشی: "ساڵانێکە دەمانەوێت مرۆڤەکان لەم وڵاتەدا وەکو برا بژین. بەڕاستی هیچ وڵاتێکی جیهان نییە هێندەی ئێرە کوژران و خەمی لێ بێت. دەبێت ئەمەش کۆتایی بێت. هیوادارم هەمووان راستگۆ و دڵسۆز بن".
سری سورەییا ئۆندەر کە ئەندامێکی شاندی ئیمراڵییە، شەوی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو و دواتر دەرکەوت تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ