رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە دەڵێت، دەبێت پەکەکە "بەتەواوی چەک دابنێت و بڕیاری خۆهەڵوەشاندەوەی جێبەجێ بکات''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە، 17ـی ئایاری 2025، لەکاتی گەڕانەوەی لە ئەلبانیا، لەنێو فڕۆکە سەبارەت بە چەند پرسێک قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لە وڵاتەکەی رایگەیاند: ''ئامانجی کۆتایی تورکیایەکی بی تیرۆر روونە؛ دەبێت چەکەکان بێدەنگ بکرێن و بنێژرێن. دەبێت رێکخراوی تیرۆریستی بەتەواوی چەکەکانی دابنێت و بڕیاری خۆهەڵوەشاندەوە جێبەجێ بکات''.
رۆژی دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025 ، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە گوتی: ''لەمەودوا یەکەکانی ئاسایشی وڵاتمان چاودێریی کاروچالاکییەکانی پەیوەست بە خۆهەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی چەکەکانی رێکخراوەکە (پەکەکە) دەکەن''.
سەرۆککۆماری تورکیا هەر لەو بارەیەوە گوتی: ''سەبارەت بە چۆنییەتی رادەستکردنی چەکەکان، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دراوسێکانمان گفتوگۆ دەکرێت. هەندێک پلان هەن سەبارەت بەوەی حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر چۆن رۆڵیان لەم پرۆسەیەدا (چەکدانان) دەبێت''.
ئەردۆغان گوتی: ''ئەو دەستکەوتانەی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا بەدەستمانهێناون، تەنیا لە رێگەی سیاسەتی دەوڵەتەوە نەبووە، بەڵکو بە پاڵپشتی و پێداگریی گەلەکەمان بوون''.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد: ''نابێت منداڵ و گەنجەکانمان لەژێر سێبەری تیرۆردا بژین، بەڵکو دەبێت ژینگەیەکی خۆشگوزەران و سەقامگیریان بۆ بڕەخسێندرێت. وەک دەسەڵات و هاوپەیمان ئامانجمان ئەوەیە، تورکیایەکی سەقامگیر و خۆشگوزەران بۆ ئەوان جێبهێڵین''.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: ''تیرۆر بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر وەکو زنجیرێک لە قاچی ئەم وڵاتە ئاڵابوو. دەستمان کرد بە شکاندنی ئەو زنجیرانەی ببوونە هۆی بەستنەوەی قاچمان و کەمکردنەوەی خێراییمان''.
سەرۆککۆماری تورکیا پێیوایە، سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ''رۆڵی لە سەقامگیرکردن و بووژاندنەوەی سووریا و عێراقیش دەبێت''.
پەکەکە لە راگەیاندنی بڕیارەکانی خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری گوتی، پەیماننامەی لۆزان سەرچاوەی نکۆڵیکردن و لەنێوبردنی کورد بووە، بۆیە ئەوان دژی ئەو پەیماننامەیە دەستیان بە خەباتی چەکداری کردووە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە سەبارەت ئەو چەند رستەیەی کە پەکەکە لەبارەی پەیماننامەی لۆزانەوە گوتی، دەڵێت: ''ئەگەر لەسەر ئەو راگەیێندراوە واژۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەبێت، واژۆی باخچەلی و ئەردۆغانیشی لەسەرە''.
سەرۆککۆماری تورکیا لە وەڵامی ئەم قسەیەی سەرۆکی جەهەپەدا گوتی: ''بەداخەوە ئەوانە شت هەڵدەبەستن. لە رۆژەڤی ئێمەدا خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی رێکخراوی تیرۆریستی هەیە. سازش ناکەین لەوەی بابەتەکانی وەک یەکگرتوویی، یەکپارچەیی، دەسەڵات، ئاڵا و زمانی فەرمیی وڵاتەکەمان ببنە جێگەی مشتومڕ و گفتوگۆ''.
دوای راگەیاندنی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لەلایەن پەکەکە، لە بەشێکی پارێزگەکانی باکووری کوردستان پێشوازییەکی گەرم لەو هەنگاوە کرا.
ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی: ''ئەگەر لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات (پارێزگەکانی باکووری کوردستان) ئاهەنگ بگێڕدرێت و شایی بکرێت، ئەمە مانای خۆی هەیە. گەلیش رۆڵی لەم کارەدا هەیە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ