هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: نابێت درێژە بکێشێت

17-05-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، نابێت پرۆسەی چارەسەری درێژە بکێشێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''تورکیا بە چارەسەرکردنی پرسی کورد، دەبێتە نموونە بۆ وڵاتانی دیکە''.
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی شەممە، 17ـی ئایاری 2025 لە هەیڤپەیڤینێکدا گوتی، بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە پرۆسەی چارەسەریی پێشخستن و دەبێت حکومەتی تورکیاش هەنگاوی ئەرێنی بنێت؛ باسی لەوەش کرد: ''نابێت ئەم پرۆسەیە درێژەبکێشێت. پرۆسەکە چەندە بە خێرایی بەرەوپێشەوە بچێت، ئەوەندە زیاتر ئەنجامی کردەیی دەبێت''.
 
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 
هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی، دەبێت دۆخی کارکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە گرتووخانەی ئیمراڵی بگۆڕدرێ تاوەکو بتوانێت لەگەڵ هەموو چین و توێژەکان گفتوگۆ بکات و رۆڵی لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە هەبێت.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری 2024ـی تورکیاوە قەییوم لەسەر 10 شارەوانیی دەم پارتی دانراوە.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، هەنگاوێکی دیکە کە پێویستە حکومەتی تورکیا بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە بینێت ئەوەیە کە سەرۆکشارەوانییەکان بگەڕێندرێنەوە سەر ئەرکەکانیان.
 
هاتیمئۆغوڵڵاری پێیوایە، پرسی کورد یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی تورکیا؛ ئاماژەی بەوەش کرد: ''تورکیا بە چارەسەرکردنی ئەو پرسە بۆ وڵاتانی دیکە دەبێتە نموونە و لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش بەرەپێشەوە دەچێت''.
 
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناوبراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە